
وا بڕیارە سەرکردەکانی ناتۆ لە 24ی ئازاردا بە حاڵەتێکی “نائاسایی” کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە، کۆشکی سپی دەڵێت سەرۆک جۆ بایدنیش گەشت دەکات بۆ برۆکسل بۆ بەشداریکردن.
جێن پساکی وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرە ڕۆژانەیەکەیدا دووپاتی کردەوە کە بایدن بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکەدا گەشتی بۆ برۆکسل دەکات و دەڵێت: “ئامانجی سەرۆک ئەوەیە کە چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو هەبێت بۆ گفتوگۆکردن و هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە ئێستا لە کوێن و هەنگاوی دواتریان چی دەبێت”.
دەربارەی ئەوەی کە ئایا بایدن لە ئەوروپا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کۆدەبێتەوە یان سەردانی پۆڵەندا دەکات، کە زۆرترین پەنابەری ئۆکرانی پەنایان بۆ بردووە، پساکی ڕوونکردنەوەیەکی تەواوی نەبوو. لە وەڵامدا وتەبێژەکە وتی کار لەسەر وردەکارییەکانی سەردانەکە بەردەوامە.
پساکی وتی دوای کۆبوونەوەی 24ی ئازار لە برۆکسل، سەرۆک بایدن بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئەوروپا دەکات لەسەر ئۆکرانیا. پساکی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لوتکەی ئەنجومەنی ئەوروپا باس لە هەوڵە سزا هاوبەشەکانی هاوپەیمانانی ترانس ئەتلانتیک دەکات دژی ڕوسیا و هەروەها دەستوەردان لە قەیرانی مرۆیی ئۆکرانیادا.
سکرتێری گشتی ناتۆ جێنس ستۆلتەنبێرگیش لە تویتەر ڕایگەیاند کە لە 24ی ئازار کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام دەدرێت.
هاوکات زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەیەکی نوێی دا بۆ گەیشتن بە سازان لەگەڵ ڕوسیا لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا بۆ پەرلەمانی کەنەدی. زێلێنسکی لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند کە کیێڤ ئامادەکاری دەکات بۆ وەرگرتنی گەرەنتی ئەمنی کە دەبێتە هۆی وازهێنان لە ئامانجی درێژخایەن بۆ بە ئەندامبوون لە ناتۆ.