
دانوستانکارێکی ئۆکرانی وتی وتووێژەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە 1ی نیسان دەست پێ دەکاتەوە. ڕووسیا کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی لە ماریۆپۆل ڕاگەیاند.
داڤید ئەرکامیا دانوستانکاری ئۆکرانی دوای وتووێژی ڕووبەڕوو لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئیستەنبول ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە لە 1ی نیسان بە ئۆنلاین دانوستانەکان دەست پێدەکاتەوە. دانوستانکارەکە وتی ئەوان جارێکی تر پێشنیازیان ناردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی ڕووسیا کە پێشنیازی کۆبوونەوەی نێوان ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی ڕووسیایان کردووە. ئەرکامیا، وتیشی: “لە وەڵامی ئەم پێشنیارەدا شاندی ڕووسیا مەرجێکیان سەپاندووە بۆ “پێشکەشکردنی ڕەشنووسی ڕێککەوتننامەی پەسەندکراو”.
ڕوسیا داوای ڕاڕەوی مرۆیی دەکات لە ماریۆپۆل
دوێنێ وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند کە لە کاتژمێر 10:00ی ئەمڕۆ بەکاتی مۆسکۆ ئاگربەستی ڕاگەیاندووە تەنها بۆ مەبەستی مرۆیی و ئەوەشی خستەڕوو کە ڕێڕەوێکی زیاتری مرۆیی بۆ چۆڵکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی و بیانی لە ماریۆپۆلەوە بۆ زاپۆریا دەکرێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی بەرگری وتی: “بۆ ئەوەی ئەم ئۆپەراسیۆنە مرۆییە سەرکەوتوو بێت، پێشنیار دەکەین بە بەشداری ڕاستەوخۆی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران و کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور”. ڕووسیا لە پەیامێکی نوسراودا داوای لە ئۆکرانیا کرد کە “پابەندبوونی بێ مەرج” بە ئاگربەستەکە دڵنیا بکاتەوە و داوای کرد کە سوپای ئۆکرانیا سەلامەتی ئەو پاسانە مسۆگەر بکات کە خەڵکی مەدەنی دەگوازنەوە.
حکومەتی ئۆکرانی وتی ئەم داواکارییەی ڕووسیا “هەڵفریواندنێکی نوێیە”.
“ئەوان لە کابوسدا دەژین”
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئانالینا بەیربۆک بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە زیاتر لە 100 هەزار هاوڵاتی مەدەنی کە منداڵ و ژن و بەساڵاچوویان تێدایە هێشتا لە ماریاپۆل گیریان خواردووە. بەیربۆک، داوای لە ڕووسیا کرد کە ڕێڕەوێکی مرۆیی سەلامەت بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی بکاتەوە و یارمەتی مرۆیی بگەیەنێتە ئەو کەسانەی نایانەوێت بمێننەوە.
ئەڵمانیا گرەنتی پێدانی یۆرۆ لە ڕووسیاوە وەردەگرێت
دوابەدوای سزا داراییەکانی دژ بە ڕووسیا، بڕیاری پوتین بۆ فرۆشتنی گازی سروشتی بە وڵاتانی “نادۆست” بە ڕوبڵ نیگەرانی لە ئەوروپا لێکەوتەوە. دوێنێ، ستێفین هێبێستریت، وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا وتی کە ئەوان دڵنیاییان لە ڕووسیاوە وەرگرتووە کە ئەوروپا پارەی گاز بە ڕوبڵ نادات. ئۆلاف شۆلز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پوتیندا باسی لەوە کرد کە پارەدانەکان دەتوانن بەردەوام بن بە یۆرۆ لە ڕێگەی بانکی گازپرۆمەوە و بانکەکە دەتوانێت پارەکە بگۆڕێت بۆ ڕوبڵ. سزاکانی ئێستا جێبەجێ ناکرێت بەسەر بانکی گازپرۆم.