
جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا پێی نایە ڕۆژی ٦١ هەمینەوە و هەتا ئێستا بەردەوامە و لە دوایین پێشهاتیشدا حکومەتی ڕووسیا ڕایگەیاند توانیویانە لە ڕێگەی سیستەمی (Pantsir-S)ەوە مووشەکێکی هێزەکانی ئۆکرانیا لە جۆری (Tochka – U) بپێکن.
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند: “هێزەکانمان توانیویانە لە ڕێگەی سیستەمی (Pantsir-S)ەوە مووشەکێکی هێزەکانی ئۆکرانیا لە جۆری (Tochka – U) بپێکن. جگە لەوە ئێمە بەردەوامین لە بەکارهێنانی هەستیارترین و پێشکەوتووترین چەکەکانمان بۆ پێکانی ئامانجەکانمان لە ئۆکرانیا. بە درێژایی ڕۆژی ڕابردوو بۆردومانی شوێنە هەستیارەکانی ئۆکرانیامان کردووە لە ناوچەی خارکێڤ و توانیومانە ٥٦ یەکەی سەربازییان تێکبشکێنین”.
کۆناشینکۆڤ لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە سیستەمی بەرگری ڕووسیا لە ناوچەکانی خارکێڤ و خێرسۆن ١٣ فرۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئۆکرانیایان تێکشکاندووە و وتی “هەتا ئەمڕۆ ١٤١ فڕۆکەی جەنگی، ١١٠ هەلیکۆپتەر، ٥٦٦ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، ٢٦٥ سیستەمی بەرگری ئاسمانی، ٢ هەزار و ٥٢٦ تانک و ئوتومبێلی زرێپۆش، ٢٨٣ تۆپهاوێژی سوپای ئۆکرانیا لە لایەن هێزەکانی ڕووسیاوە تێکشکێندراون”.