بەپەلە

هۆکاری بێدەنگی ئەمریکا لە داگیرکردنی عەفرین ئاشکرا کرا

دێنگیر نیر محمد فرات، ئەندام پەرلەمانی هەدەپە لە شاری مێرسین باس لە داگیر کردنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە دەکات و دەڵێت کە تورکیا چووەتە یارییەکەوە کە ناتوانێت بە ئاسانی لێێ دەرچێت، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە تورکیا لە عەفرین ناوەستێت.

 

دێنگیر دەڵێت:”چوونە ناو شوێنێکەوە و داگیرکردنی ئاسانە هەندێک جار، بەڵام چارەسەر کردنی کێشەکانی ئەو شوێنە ئەستەمە. عەفرینیش بەو جۆرەیە”.

 

ئەو ئەندام پەرلەمانەی هەدەپە لە دیدارێکیدا لەگەڵ ئاژانسی مێزۆپۆتامیادا بەم جۆرە باسی داگیرکردنی عەفرین و ڕووداوەکانی ئەم دواییە و داهاتووی ناوچەکەی کرد:

 

ئەو ئەندام پەرلەمانەی هەدەپە باسی لەوە کرد کە تێڕوانین و نەخشەی نوێی ئەمریکا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە دەستپێکردنی بەهاری عەرەبی دەستیپێکردووە و شەڕی سوریاش بەشێک بووە لەو نەخشەیە، هەروەها ئاماژە بە بێلایەن نەبوونی تورکیا و تێوەگلانی لە شەڕەکە و لانیکەم ڕێگە پێدانی بە پڕچەککردنی هێزە توندڕەوەکان دەکات، ئەوەش بە یەکێک لە هۆکارەکان دەزانێت کە ٣ ملیۆن ئاوارەی سوری ڕوویان لە تورکیا کردووە.

 

تورکیا سازشی بۆ ڕوسیا کردووە

 

دێنگیر لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت کە.، تورکیا نەیتوانیوە لە بەرانبەر هەژموونی زلهێزەکاندا بێلایەن بمێنێتەوە و سەرەڕای ئەوەی دەیزانی ڕوسیا و ئێران و ئەمریکا کاری زۆر جدی لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە سوریا دەکەن و دەستێوەردان دەکەن، بەڵام تورکیا بەدەم شەپۆلەکەوە ڕۆیشت و بە دەستێوەردانەکانی لە سوریا زیاتر تێکەڵی شەڕەکە بوو. دواترریش ڕوسیا هەرچەند هەوڵی دەدا زیاتر تورکیا لە ئەمریکا و ناتۆ دووربخاتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، تا فڕۆکە ڕوسییەکە لە ئاسمانی تورکیا خرایە خوارەوە  ئیتر تورکیا ناچاربوو کە زۆر سازش بۆ ڕوسیا بکات، لەوانە ڕێگەدان بە تێپەڕینی بۆری گازی ڕوسیا بە خاکەکەیدا بۆ ئەوروپا و ڕێگەدان بە دانانی بنکەی ناوەکی لە ئاککویو.

 

ئەندام پەرلەمانەکەی هەدەپە باس لەوە دەکات، کە تورکیا بۆ پتەوکردنی شوێنپێێ خۆی لە خۆرهەڵات ناوەڕاستدا هێرشەکانی سەر عەفرینی ئەنجامدا، بەڵام نە ڕوسیا و نە ئەمریکا نایانەوێت تورکیا ڕۆڵێکی گرنگی لە ناوچەکەدا هەبێت، بەڵام ئەوان بۆ توشکردنی تورکیا و شکاندنی لێیگەڕان ئەو کارە بکات. هەروەها داگیرکردنی عەفرین بە هەڵەیەکی گەورە ناودەبات و دەڵێت”عەفرین بۆ فڕینی باڵندەیەک ٣٠ کم دوورە لە سنووری تورکیاوە، ناوچەیەکی بچوکە، بەڵام کاتێک هێزێکی وەک سوپای تورکیا کە دووەم هێزی ناتۆیە دوو مانگ سەرقاڵ دەبێت بە داگیرکردنییەوە، ئەوە بۆخۆی شکستە، دوارتر چوونە ناو شوێنێکەوە و داگیرکردنی ئاسانە هەندێک جار، بەڵام چارەسەر کردنی کێشەکانی ئەو شوێنە ئەستەمە. عەفرینیش بەو جۆرەیە، تورکیا ناتوانێت لە عەفرین بمێنێتەوە.

 

دێنگیر باس لەوە دەکات کە تورکیا لە ئەگەری زیاتر ڕۆیشتنی لە عەفرین لەلایەن ڕوسیا و سوریاوە بەری پێ دەگیرێت و لە هەمان کاتدا ئاماژە بە نییەت و هەڕەشەکانی دەسەڵاتی تورکیا دەکات بۆ درێژکردنەوەی هێرشەکانیان بەرەو باشووری خۆرهەڵاتی سووریا و بەدیاریکراوی مەنبیچ. دەشڵێت کە هەر لە سەرەتاوە ئەمریکا دژایەتی خۆی بۆ لەشکرکێشییەکانی تورکیا دەربڕیوە و بە هەموو جۆریکیش تورکیای لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆسەر ناوچەکانی ژێردەستی خۆی ئاگادار کردووەتەوە، بۆیە ناکرێت تورکیا خۆی بخاتە مەترسییەکی لەو جۆرەوە و بەرەو مەنبیچ هەنگاو بنێت.

 

سەبارەت بە ئەگەری هێرش و لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ شەنگال و خاکی عێراق، دێنگیر پێێ وایە کە تورکیا لە هەنگاویکی لەو جۆرەدا سەرکەوتوو نابێت.

 

ئەمریکا بۆ لە داگیر کردنی عەفرین بێدەنگبوو؟

ئەو ئەندام پەرلەمانەی هەدەپە دەڵێت:”لە سەر مێزی هەر یارییەک ئەگەر نەبیتە یاریکەر، ئەوا دەبیتە بەشێک لە کارتەکان و دابەش دەکرێێت. تورکیاش ویستی بە داگیرکردنی عەفرین ببێت بە یاریکەرێک لە ناوەکەدا، بەڵام دەبینین کە هێشتا نەیتوانیوە و ئاشکراشە کە هیچ کارتێکیشی بەرناکەوێت.

 

سەبارەت بە بێدەنگی ئەمریکاش لە داگیرکردنی عەفرین، دەڵێت، ئەمریکا زیاتر قامیشلۆی بەلاوە گرنگە، چونکە لەو ناوچانە گازی سروشتی و نەوت هەیە. لەکۆتاییشدا باس لەوە دەکات کە تورکیا چۆن چەند ساڵە لە سوریادا هیچی چنگ نەکەوتووە، هەر بەو جۆرە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشدا هیچی چنگ ناکەوێت”

5139 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

x

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی هاوکاری دارایی و پێشکەوتنی ئەوروپی: کۆرۆنا بۆتە هۆی کەمبوونەوەی کۆچ

ڕێکخراوی هاوکاری و پێشکەوتنی دارایی ئەوروپی سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشاوە کە ڤایرۆسی ...