
بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری داوەتە تورکیا سەبارەت بە پلانەکانی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێک لە باکوری سوریا بێ ئەوەی ئاماژە بە یەپەگە بکات.
ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و جێنس ستۆلتەنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لە واشنتۆن پەیامیان لەبارەی تورکیاوە گەیاند.
ئانتۆنی بلینکن هۆشداری داوەتە تورکیا لە پلانی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە باکوری سوریا و دەڵێت ئەم جۆرە جوڵەیە ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە. بلینکن سەبارەت بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک وتی: “ئەمە شتێکە کە ئێمە دژایەتی دەکەین، تورکیا پابەند بێت بەو هێڵە ئاگربەستانەی کە لە ڕێککەوتننامەکەدا لەگەڵ ئەمریکادا بەستراوە. نیگەرانی ئێمە ئەوەیە کە هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ سەقامگیری ناوچەکە لاواز دەکات و دەرفەتێک بۆ ڕیکخراوە تیرۆریستیەکان دروست دەکات بۆ ئەوەی سوود لە نائارامییەکە وەربگرن”.
ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمار وتی: “ئێمە دەچینە قۆناغێکی نوێ لە بڕیارەکەمان بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر لە سنورەکانی باشورمان. تەل ڕەفعەت و منبیج لە تیرۆریستان پاک دەکەینەوە پاشان لە ناوچەکانی تر هەنگاو بە هەنگاو هەمان کار دەکەین”.
بلینکن لە لێدوانەکەیدا جەختیشی لە گرنگی شەڕی دژی داعش لە سوریا کردەوە، بەبێ ناوهێنانی یەپەگە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتی: “ئێمە لە ڕێگەی هاوبەشەوە بەردەوام دەبین لە شەڕی دژی داعش لە ناو سوریادا و نامانەوێت هیچ شتێک ببینین کە هەوڵەکان بخاتە مەترسیەوە بۆ ئەوەی داعش لەو سندوقەدا بمێنێتەوە کە تێمانکردووە”.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە یەپەگە بڕبڕەی پشتی پێک هێناوە، گرنگترین هاوپەیمانی ئەمریکا بوو لەسەر زەوی دژی داعش. لە لایەکی دیکەوە تورکیا یەپەگە وەک لقی سوریای پەکەکە دەبینێت. هەرچەندە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانن، بەڵام لە بارەی یەپەگەوە بڕیارێکی وەهایان نەداوە. کێشەکەش یەکێکە لە توخمە سەرەکییەکانی دژایەتی تورکیا بۆ ئەندامێتی ناتۆی سوید و فینلاند. حکومەتی تورکیا ئەو دوو وڵاتە تۆمەتبار دەکات بە “پشتگیریکردنی تیرۆر”.