دەربارەی ڕاگەیاندنی کۆنگرەکەی ئەمڕۆی سوریا لەلایەن ڕوسیاوە پێشهاتی نوێ ڕوویاندا. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە هەواڵێکی بەپەلەیدا، ڕایگەیاند کە تورکیا و ئێران، پێشنیازەکەی ڕوسیا و ئەنجامدانی کۆنگرەی سوریایان بە بەشداری گروپ و پارتە جیاوازەکانی سوریا پەسەند کردووە
ڕوسیا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە شاری سۆچی کۆبونەوەیەک ئەنجام دەدات دەربارەی دەسەڵاتی پاش داعش لە سوریا، هەروەها لە کۆبونەوەکەدا نوێنەری سەرجام لایەن و پارتەکانی سوریا ئامادە دەبن. لە چاوپێکەوتنیاندا لەگەڵ ڕۆیتەرز دەسەڵاتدارانی کورد ڕایانگەیاندبوو کە ئەوانیش بانگهێشت نامەیان بۆ هاتووە، ئەم لێدوانە مشتومڕی لێکەوتەوە.
لە ١٨ی تشرینی دووەمدا لیستێک بە ناوی ٣٣ گروپ و پارتی سیاسی بڵاوکرانەوە کە بانگهێشت نامەیان بۆ نێردراوە بۆ ئامادەبوون لە کۆنگرەی سوریادا کە بڕیارە لە شاری سۆچی ئەنجام بدرێت. بەپێی هەواڵەکەی ڕۆیتەرزیش کە لە کاژێرەکانی شەودا بڵاوکرایەوە، تورکیا و ئێران ئەم بڕیارەیان پەسەند کردووە. لە لێدوانێکی هاوبەشی نوێنەرانی هەرسێ وڵاتدا لە پاش کۆبونەوەکانی کازاخستان، بڕیارەکەی ڕوسیایان پەسەند کرد بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوە.