ئەمریکا دڵنیایە لە چارەسەرکردنی کێشەکەی ناتۆ

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە دڵنیایە لەوەی کە قەیرانی ناتۆ لە نێوان تورکیا و سوید و فینلاند بەم نزیکانە چارەسەر دەکرێت.
کارین دۆنفرید بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا قسەیکرد و ڕایگەیاند کە واشنتن تێبینی کرد کە گفتوگۆکانی ئەم هەفتەیەی نێوان لایەنەکان بنیاتنەرن.
وتیشی “ئێمە دڵنیاین لەوەی کە ئەمە بە شێوەیەکی ئەرێنی چارەسەر دەکرێت. پشتگیرییەکی فراوان و جدی هەیە بۆ ئەندامێتی فینلاند و سوید لە ناو هاوپەیمانی ناتۆدا”.
سوید و فینلاند داوای ئەندامێتی ناتۆیان کرد دوابەدوای داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە. ڕەزامەندی هەر 30 ئەندامەکەی هاوپەیمانی داواکراوە بۆ داننان بەئەندامە نوێکان بۆ ناتۆ. تورکیا کە دژی ئەندامێتی ناتۆی سوید و فینلەندایە هەڵوێستی ئەو وڵاتانە لەسەر ڕێکخراوەکانی وەک PKK و DHKP-C بەهۆکاری ئەم ناڕەزایەتیە دەناسێنێت. ئەنقەرەش تووڕەیە لەوەی کە ئەو دوو وڵاتە ڕێگەیان نەداوە چەند چەکێک بە تورکیا بفرۆشن.