جیهانیسڵایدەر

بەهۆی خپیشاندانەکانەوە لە ئێران ٣٦ کەس کوژراون

 رێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤ لە ئەمریکا دەڵێت، لە خۆپێشاندانی هەفتەی رابردووی ئێراندا کە بۆ سەرکۆنەکردنی شێوازی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچن، 36 کەس کوژراون

 

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2022 ناوەندی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کە بنکەی سەرەکیی لە نیویۆرکی ئەمریکایە لە راگەیێندراوێکدا لەسەر زاری سەرچاوە سەربەخۆکان گوتی، تاوەکو ئێستا 36 کەس لە ماوەی هەفتەیەکی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا کوژراون.

 

رێکخراوەکە چاوەڕوان دەکات ژمارەی قوربانییان بەرزبێتەوە، بۆیە دەڵێت: “پێویستە سەرکردەکانی جیهان گوشار بخەنە سەر ئێران بۆ ئەوەی رێگە بە خۆپێشاندان بدات بەبێ ئەوەی هێز لە دژیان بەکاربهێندرێت”.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە کە رۆژی پێنجشەممە، بەرپرسانی ئێران رایانگەیاند، لە حەوتەم رۆژی خۆپێشاندانەکاندا، 17 کەس کوژراون کە وەکو خۆیان دەڵێن پێنج لەوانە ئەندامی هێزەکانی ئاسایش بوون.

 

هاوکات رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێرانیش کە بنکەی سەرەکیی لە ئۆسلۆی نەرویجە رایگەیاند کە لە خۆپێشاندانەکاندا 31 کەس کوژراون.

 

لەو کاتەوەی لە 16ـی ئەیلوول گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی راگەیێندرا، خۆپێشاندان لە بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی ئێران لە دژی گیانلەدەستدانی گوماناویی ژینا ئەمینی بەڕێوەدەچێت.

ئەوەش دوای ئەوە هات بۆ ماوەی سێ رۆژ لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە بە تۆمەتی “نەپۆشینی سەرپۆش بەشێوەیەکی گونجاو” دەستبەسەرکرا.

 

رێکخراوەکەی نیویۆرک دەشڵێت، حکومەتی ئێران بە “تەقەکردنی راستەوخۆ و گازی فرمێسکڕێژەوە” وەڵامی خۆپێشاندەران دەداتەوە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button