ڕاپۆرتێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ دۆخی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ لە تورکیا ئاشكرا دەکات

تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن کە ساڵانێکە لە تورکیا باسیان لێوە دەکرێت، جارێکی دیکە لە ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤدا سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکان ڕەنگیدایەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، ئاماژەی بەوە کردووە، لە ساڵی 2021دا 5 هەزار و 488 حاڵەتی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ تۆمارکراوە.
ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی ماف کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ساڵانە بڵاوی دەکاتەوە، ڕاگەیەندرا. لە ڕاپۆرتەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ پێشێلکارییەکانی مافەکان کراوە کە لە ساڵی 2021دا ڕوویانداوە و ئاماژە بەوە کراوە کە لە ئەنجامی ئەشکەنجەوە، بەبێ بوونی بڕیاری دادگا 16 کەس لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە.
ڕاپۆرتەکە سەرنج دەخاتە سەر کوژرانی 5 کەس لە ئەنجامی هێرشە بکەر نادیارەکاندا، ئاماژە بەوە کراوە کە 352 کەس لە نێویاندا لانیکەم 69 پاسەوان و 275 چەکدار و 8 هاوڵاتی مەدەنی لە شەڕی چەکداری لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا گیانیان لەدەستداوە. بەپێی ڕاپۆرتەكە، 57 كەس لە زیندانەكان بەهۆی نەخۆشی و خۆكوشتن و توندوتیژیەوە گیانیان لەدەستداوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەو ڕاستییەی کە لە ساڵی 2021دا 375 ژن لە ئەنجامی توندوتیژی پیاوان کوژراون، ئاماژە بەوە کراوە کە 239 ژن بە شێوەیەکی گوماناوی کوژراون.
5 هەزار و 488 تۆمەتی ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن لەماوەی یەک ساڵدا لە زیندانەکان
ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ساڵی 2021دا ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا کراوە لەکاتی دەستبەسەرکردنیان، 531 کەسە کە 12 کەسیان منداڵن. ژمارەی ئەو کەسانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن لە دەرەوەی زیندانەکان ئەشکەنجە دراون و مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کراوە 704 کەسە کە 25 کەسیان منداڵن. جگە لەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی کە بانگەشەی ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردنیان لە زیندانەکاندا کردووە یەک هەزار 414 کەسن. لە ساڵی 2021دا 409 کۆبوونەوە و خۆپیشاندان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستوەردانی تێدا کراوە. ژمارەی ئەو کەسانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەم دەستێوەردانانەدا تووشی لێدانی توند و مامەڵەی خراپ بوون، 2835 کەسن.
زیاتر لە 326 هەزار کەس لە زیندانەکاندان
لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە كاتێك ئاکەپە هاتە سەر دەسەڵات، 59 هەزار و 429 بەندکراو لە زیندانەكانی توركیادا هەبوون، تا 31ی ئابی 2022، ژمارەی زیندانییەکان گەیشتە 326 هەزار و 243 گیراو و سزادراو لە 399 دامەزراوەی سزادا. لەکاتێکدا توانای زیندانەکانی تورکیا 288 هەزار و 798 کەسە.
1517 زیندانی نەخۆش هەن کە 651 کەسیان نەخۆشیەکەیان سەختە.