
دوای ئەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ بڕیاریاندا سەرجەم هێزەکانیان لە ئەفغانستان بکێشێننەوە و دواتر تاڵیبان هێرشەکانی چڕتر کردەوە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی تەواوی خاکی ئەفغانستان، شەپۆلێکی نوێی پەنابەران لە ئەفغانستانەوە بەرەو تورکیا بەڕێوەیە. لە کاتێکدا تورکیا بەدەست ٤ ملیۆن پەنابەری سورییەوە دەناڵێنێت، لە ئێستادا ڕووبەڕووی مەترسی هاتنی شەپۆلێکی نوێی پەنابەران لە ئەفغانستانەوە بووەتەوە کە پێشبینی دەکرێت ٦،٥ ملیۆن پەنابەر بن.
ئێردۆغان تۆپراک، پەرلەمانتاری جەهەپە و ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی گشتی جەهەپە، ڕاپۆرتێکی لەو بارەیەوە پێشکەش بە سەرۆکایەتی پارتەکەی کردووە و تێیدا دەڵێت:
“شەپۆلێکی گەورەی کۆچ لە ئەفغانستانەوە دەستیپێکردووە. ملیۆنان هاوڵاتی ئەفغانی وڵاتەکەیان بەجێدەهێڵن. ئەو پەنابەرانە بە سنوورەکانی پاکستان و ئێران و ئۆزبەکستاندا تێدەپەڕن بەڵام ئامانجی کۆتاییان تورکیایە و لەوێشەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا. وڵاتەکەمان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی فراوانی کۆچ دەبێتەوە. ژمارەی ئەو پەنابەرانەی بەڕێوەن بە ٦.٥ ملیۆن دەخەمڵێندرێت. ئێران چاوپۆشی لە کۆچی نایاسایی سەر سنوورەکانی دەکات و تەنانەت هانیشیان دەدات. ئەگەر یەکێتی ئەوروپا ڕێکەوتنێکی دیکە لەگەڵ تورکیادا ئەنجام بدات هاوشێوەی ئەوەی بۆ ڕاگرتنی پەنابەرە سوورییەکان لە تورکیادا کردی، بە واتای ئەوە دێت کە یەکێتی ئەوروپا وڵاتەکەمان وەک پاسەوانی سنوورەکانی ئەوروپا دەبینێت.”