
دیموکراتەکانی ئەمریکا کورسییەکەی نێڤادایان بردەوە و زۆرینەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکایان بەدەستهێنا. بەوەش بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی کورسییەکەی جۆرجیا بکەن، بوونە خاوەن زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی سی ئێن ئین، دیموکراتەکان توانیویانە ٥٠ کورسی لە ئەنجومەنی سیناتدا مسۆگەر بکەن و کۆماریەکان ٤٩ کورسیان بەدەست هێناوە.
لەگەڵ بردنەوەی کورسییەکەی نێڤادا، بەبێ ئەوەی پێویست بە کورسییەکەی جۆرجیا بکات، کە چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو یەکلایی بکرێتەوە، دیموکراتەکان بوونە خاوەن دەنگی زۆرینە لەنێو ئەنجوومەنی پیران، چونکە 50 ئەندامیان هەیە و لەگەڵ دەنگی کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دەنگەکانیان دەبێتە 51 دەنگ.
بردنەوەی هەڵبژاردنەکان لەلایەن دیموکراتەکانەوە ورەیەکی باش دەداتە جۆ بایدن بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە وا بڕیارە لە ٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت.
هەرچی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، کە لەگەڵ ئەنجوومەنی پیران بەیەکەوە کۆنگرێسی ئەمریکا پێکدەهێنن، کۆمارییەکان بە جیاوازیی 8 کورسی لەپێش دیموکراتەکانەوەن.
لە کۆی 435 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران، 211یان بۆ کۆمارییەکان و 204یان بۆ دیموکراتەکان یەکلابوونەتەوە. ژماردنی دەنگەکان بەردەوامە و هێشتا 20 کورسی ماون یەکلاببنەوە.