جیهانیسڵایدەر

تاڵیبان کارکردنی ژنان لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان قەدەغە دەکات

تاڵیبان ڕێگری لە ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆییەکان یان بیانییەکان دەکات لەوەی کارمەندانی ژن دابمەزرێنن.

عەبدوالڕەحمان حەبیب وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی تاڵیبان ڕایگەیاند، وەزارەت بڕیارە ئاماژە پێکراوەکەی بۆ سەرجەم ڕێکخراوە ناحکومییەکانی وڵات ناردووە و پێویستە ئەم بڕیارە پەیڕەو بکرێت. حەبیب دەربارەی ئەو پرسیارەی کە ئایا بڕیارەکە ژنە فەرمانبەرە بیانییەکان دەگرێتەوە، وەڵامی نەدایەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سکاڵایەکی زۆریان پێگەیشتووە سەبارەت بەوەی ئەو ژنانەی لەو دامەزراوانەدا کاردەکەن “بەشێوەیەکی دروست پابەند نەبوون” بە ڕێسای “باڵاپۆشی” کە لەلایەن ئیدارەی تاڵیبانەوە داوای جێبەجێکردنی دەکرێت.

لەبەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە مۆڵەتی ئەو ڕێکخراوە ناحکومیانەی کە کۆتایی بە دامەزراندنی کارمەندانی ژن ناهێنن، هەڵدەوەشێتەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی کاتی تاڵیبان ڕایگەیاند، خوێندنی خوێندکارانی کچ ڕاگیراوە تا ڕاگەیاندنی دووەم، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێنمایی بۆ سەرجەم زانکۆ حکومی و ئەهلییەکانی ئەفغانستان لە 20ی کانونی یەکەمدا نێردراوە دەربارەی ئەم بڕیارە.

دوای ئەوەی تاڵیبان لە 15ی ئابی ساڵی ڕابردوو هاتە سەر حکوم لە ئەفغانستان، زۆرێک لەو ژنانەی کە لە کەرتی گشتی و تایبەتدا کاریان دەکرد، کارەکانیان لەدەستدا.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button