جیهانی

بنەماڵەی ‘عەلی دایی’ بە جێهێشتنی ئێرانیان لێ قەدەغە کرا

عەلی دایی ئەفسانەی تۆپی پێی ئێرانی ئاشکرای کرد کە خێزانەکەی بۆیان نییە ئێران بەجێبهێڵن.

ئەو یاریزانە تەمەن 53 ساڵە پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی ئەو وڵاتە دەربڕی. هاوسەر و کچەکانی دایی کە دەیانویست گەشت بکەن بۆ دوبەی بۆ ئەوەی بچنە لای عەلی دایی کە لەوێ پشووەکەی بەسەر دەبات، لەدوای ئەوەی فڕۆکەکەیان دەفڕێت لە دوورگەی کیش فڕۆکەکە ناچار دەکرێت بنیشێتەوە.

دوای داگرتنی ژن و کچەکەی دایی فڕۆکەکە ڕێگەی پێدرا بەردەوام بێت. ڕوون نەکراوەتەوە کە بۆچی ئەو دایک و کچانە، بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.

لە ئێران، دەزگای ئیرنا کە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدایە، نووسیویەتی، مۆنا فاروخەزاری هاوسەری عەلی دایی لە ماوەی ڕابردوودا “بەڵێنی داوە پێش ئەوەی وڵات بەجێبهێڵێت، پۆلیس ئاگادار بکاتەوە” بەهۆی “پەیوەندیی ئەو بنەماڵەیە بە گرووپە ئیسلامییە دژە شۆڕشگێڕەکانەوە”.
عەلی دایی دەڵێت، “ئەگەر قەدەغەیەکی لەو شێوەیە هەبوایە لە سیستەمی پاسپۆرتدا دەبینرا، بەهەر شێوەیەک بێت نەیاندەتوانی بە گومرگدا تێپەڕن. تا ئێستا کەس نەیتوانیوە وەڵامێکی ڕوونم بداتەوە لەسەر ئەم بابەتە”.

مانگی ئەیلول عەلی دایی لە هەژماری سۆشیال میدیای خۆیدا نووسیبووی “دەبێت حکومەت کێشەکانی گەلی ئێران چارەسەر بکات نەک گوشار و توندوتیژی و گرتن”، لەدوای ئەوە بەبڕیاری دادوەر دوکانی خشڵ و چێشتخانەکەی عەلی دایی لە تارانی پایتەختی ئێران داخران.
دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لەدوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە، خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە وڵاتی ئێراندا هەڵگیرسا و ماوەی 100 ڕۆژ زیاترە خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە بەردەوامە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە تا ئێستا 500 کەس بەهۆی دەستوەردانی هێزی ئەمنی و میلیشیاکانی ئێرانەوە گیانیان لەدەستداوە کە 69 لەوانە منداڵن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button