بەپەلە

ڕژێمی تاکەکەسیی تورکیا لە هەشت ماددەدا

تورکیا کە ماوەی نزیکەی سەدەیەکە لە ڕێگەی سیستەمی پەرلەمانییەوە بەڕێوە دەبرێت، لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران و بە دیاریکراوی لە دوای مەراسیمی سوێندخواردنی فەرمی ڕەجەب تەییب ئێردۆغان وەک سەرۆک کۆماری تورکیا لە ٩ی تەموز بە تەواوی سیستەمی بە ڕێوەبردنی وڵات گۆڕا بۆ سیستەمی حوکمڕانی سەرۆک کۆماریی.

 

سیستەمی نوێی بەڕێوە بردنی تورکیا لە لایەن زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان و چاودێرانی سیاسییەوە بە ڕژێمی تاکەکەسیی ناودەبرێت بەو پێیەی هەموو دەسەڵاتەکانی یاسا دانان و بەڕێوەبردن و سیستەمی دادوەری گۆڕانکاری تێدا کراوە و لە دەستی سەرۆک کۆماردا کۆکراوەتەوە.

 

بێرات گۆککوش لە هەڵسەنگاندنێکیدا بۆ بەشی تورکی ئاژانسی یۆرۆنیوز، بەم شێوەیە گۆڕانکارییەکانی تورکیا لە 8 ماددەدا ڕیز دەکات:

 

  1. ئێردۆغان سەرۆکی دەسەلاتی بەڕێوە بردنە، ئەنجومەنی وەزیران نامێنێت

بە پێی ئەو گۆڕانکارییانەی لە دەستوری وڵاتدا ئەنجام درا و لە ڕیفراندۆمەکەی ١٦ی نیسانی ٢٠١٧ بە دەنگی هاوڵاتیان پەسەند کرا، سەرۆک کۆمار تەواوی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن دەگرێتە دەست. پۆستی سەرۆک کۆمار چیتر پۆستێکی ڕەمزی نییە، بەڵکو بووە بە چالاکترین و بە دەسەڵاتترین پۆست لە تورکیادا. ئێردۆغان یەکەم سەرۆک کۆماری تورکیایە کە سەر بە پارتێکی سیاسیی بێت. ئێردۆغان هەم سەرۆکی گشتی ئاکەپەیە و هەم سەرۆک کۆماری تورکیایە. پێشتر سەرۆک کۆمار دەبوو دەست لە پۆستی حیزبی بکێشێتەوە بۆ ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرێت. بەڵام لە دوای گۆڕانکارییەکانەوە پێویست بەوە ناکات.

 

چیتر پۆستی سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران نابێت، وەزیرەکان ڕاستەوخۆ لە لایەن سەرۆک کۆمار دادەنرێن و سەرپەرشتی دەکرێن. سەرۆک کۆمار دەتوانێت چەند جێگری بوێت دایبنێت و سەرۆک کۆمار خۆی جێگرەکانی دیاری دەکات.

 

  1. دانانی بەرپرسانی باڵا لە دەستی سەرۆک کۆماردا دەبێت

ئێردۆغان دەسەڵاتی ئەوەی دەبێت کە بەرپرسانی باڵای نیشتیمانی دابنێت. بۆ نمونە سەرۆک کۆمار دەتوانێت بەرپرسانی باڵای ئەنجومەنی دادوەران و داواکاری گشتی بگۆڕێت و کەسانی تر بخاتە جێگەیان.

 

  1. سەرۆک کۆمار هەرکات بیەوێت دەتوانێت باری نائاسایی ڕابگەیەنێت

بە پێی سیستەمی نوێ، سەرۆک کۆمار هەرکات بیەوێت دەتوانێت باری نائاسایی ڕابگەیەنێت و پەرلەمانیش هەرکاتی بە گونجاو زانی دەتوانێت باری نائاسایی هەڵبگرێت. ئەو بڕیارانەی سەرۆک کۆمار دەری دەکات ڕاستەوخۆ کاری پێدەکرێت، بەڵام ئەگەر پەرلەمان بڕیارەکان بە پێچەوانەی دەستوری وڵات بزانێت دەتوانێت لە دادگای دەستوری سکاڵا تۆمار بکات لە دژی بڕیارەکە.

 

  1. ئێردۆغان لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیرەکان دەکات

سەرۆک کۆمار هەرکات بیەوێت دەتوانێت لێپێچینەوە لەگەڵ جێگرەکانی و وەزیرەکاندا بکات. بۆیە چیتر پەرلەمان دەسەڵاتی ئەوەی نییە کە لێپێچینەوە لەگەڵ وەزیرەکاندا بکات و لە کارەکانیان دووریان بخاتەوە.

 

  1. هەڵبژاردنەکان چۆن دووبارە دەکرێتەوە؟

پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی سێ لەسەر پێنجی ئەندامانی پەرلەمان دەتوانێت بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان پەسەند بکات. وە هەروەها سەرۆک کۆماریش دەتوانێت بڕیاڕی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان بدات.

 

  1. سەرۆکایەتی کۆمار پرۆژەیاسای بودجە ئاماددە دەکات

پرۆژەیاسای بودجە لە لایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە ئاماددە دەکرێت و دواتر لە لایەن ئێردۆغانەوە پێشکەش بە پەرلەمان دەکرێت. لە سیستەمی پێشوودا بە تەواوی بە پێچەوانەوە بوو، واتە پەرلەمان پرۆژەیاسای بودجەی ئاماددە دەکرد و هەموو خەرجییەکانی وڵاتی دیاری دەکرد.

 

  1. دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار چۆن کۆتایی پێدێت؟

دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار تەنها ئەو کاتە کۆتایی پێدێت کە تاوانێکی ئاشکرا ئەنجام بدات و لە لایەن دادگاوە بەسەریدا ساخ ببێتەوە. ئەگەر سەرۆک کۆمار لە ماوەی ئەرکەکەشیدا تۆمەتێکی بخرێتە پاڵ، دواتر و دوای تەواوبوونی ئەرکەکەی دەکرێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

 

  1. پەرلەمانێکی گەنجتر و قەرەباڵختر

لەمەودوا لە پەرلەمانی تورکیادا ٦٠٠ ئەندام پەرلەمان بوونیان دەبێت. پێشتر ژمارەی پەرلەمانتاران بە ٥٥٠ پەرلەمانتار سنووردار بوو. بەڵام لە سیستەمی نوێدا گۆڕانکاری لە ژمارە و دەسەڵاتەکانی پەرلەمان و مەرجی تەمەنی پەرلەمانتاراندا کراوە. ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان زیادکراوە بەڵام دەسەڵاتی پەرلەمان کەم کراوەتەوە. پێشتر کەسێک ٢٥ ساڵیی تەواو نەکردایە بۆی نەبوو ببێتە ئەندامی پەرلەمان، بەڵام لە سیستەمی نوێدا هەر کەسێک ١٨ ساڵی تەواو کردبێت دەکرێت ببێت بە ئەندامی پەرلەمان.

 

سەرچاوە: ئەهوال نیوز

263 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

x

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەکادیمیای مافی مرۆڤی تورکیا: لە چوار ساڵدا 152 خوێندکار زیندانیکراون

فشار و پێشێلکارییەکانی مافەکان لە دژی ناڕەزاییەکان لەم ساڵانەی دواییدا لە تورکیا ...