
کۆریای باکوور هۆشداری دا لە خستنەخوارەوەی ئەو مووشەکانەی کە لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا ئاڕاستەی زەریای هێمنی کردوون.
کیم یۆ جۆنگ، خوشکی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور کە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ئیدارەی کۆریای باکور، لە بەیاننامەیەکی نووسراودا بەناوی وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاند: “ئەگەر دەستێوەردانێکی سەربازی ڕووبدات لە پرۆسەی تاقیکردنەوەی چەکی ستراتیژی، کۆریای باکوور ئەوە وەک ڕاگەیاندنێکی ئاشکرای شەڕ لە دژی خۆی قبوڵ دەکات”.
جێی سەرنج بوو کە ئەم لێدوانە ڕاستەوخۆ دوای مانۆڕی ئاسمانی هاوبەشی نێوان کۆریای باشوور و ئەمریکا هات کە کۆریای باکووری وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆی دەبینێ.
کۆریای باکوور بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو تاقیکردنەوانەی ئەنجامی داوە بۆ “مەبەستی بەرگری” بووە، بەڵام ئەو مانۆڕە هاوبەشەی کە کۆریای باشوور و ئەمریکا ڕێکیان خستووە بە “هەوڵێکی داگیرکاری” لە دژی خۆی دەزانێت.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور لەبەیاننامەیەکی جیادا ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی “بە ئەنقەست” گرژییەکان زیاتر دەکات.
لەبەیاننامەکەدا هاتووە: “ئەو مانۆڕە ئاسمانییە هاوبەشەی ئەم دواییە بە ڕوونی نیشان دەدات کە پلانی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دژی کۆریای باکوور لە ئاستی جەنگی ڕاستەقینەدا بەرەوپێش دەچێت”.
کۆریای باشوور و ئەمریکا مانۆڕی ئاسمانی هاوبەش ئەنجام دەدەن
دوێنێ وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوور ڕایگەیاند کە مانۆڕی ئاسمانی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا لە دژی “هەڕەشە ئەگەرییەکان”ی کۆریای باکوور ئەنجام دەدەن.