جیهانی

لەسەر وتنی “لە سایەی ئەردۆغان” دادگایی کرا

گرافیک دیزاینەر، ماهیر ئاکۆیون، کە بە لێدانی ستیکەری “لە سایەی ئەردۆغان” لەسەر بەرهەمەکانی ناو مارکێتەکان سەرنجی بۆ سەر هەڵئاوسانی تورکیا ڕاکێشاوە، بەیانی دوێنێ لە شاری ئیزمیر دەستبەسەرکرا.

ئاکۆیون کە بە ستیکەر و گرافیک دیزاینەکانی تیشک دەخاتە سەر بەرزبوونەوەی نرخەکان بەهۆی قەیرانی ئابووری وڵاتەوە، دوای ئەوەی بردرایە دادگای ئیزمیر بۆ ئەوەی لێدوان بۆ داواکاری گشتی بدات، ئازادکرا.
ئاکۆیون، کە دوای ئازادکردنی قسەی کرد، وتی “زۆر جێگەی دڵخۆشییە بۆ من کە شتێک کە تەنها لە سەر دەمی چەند کەسێک بوو لە ڕۆژێکدا ئێستا ئەمڕۆ لەسەر دەمی ملیۆنان کەسە، ئەوان زۆر ناڕەحەت بوون بەو قسەیەی من. ئەوان زیاتر ناڕەحەت بوون بە باسکردنی هەژاری و نەهامەتی. بەردەوام دەبم لە ناڕەحەتکردنیان”.

لە لێدوانەکەیدا بۆ داواکاری گشتی، ئاکۆیون دانی بەوەداناوە کە دیزاینی ئەو ستیکەرانەی کردووە و لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، بەڵام ڕەتیکردووەتەوە هیچ پەیوەندییەکی بە لێدانیانەوە هەبێت لەسەر بەرهەمەکان لە مارکێتەکاندا. ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ دەربڕینی بیروڕای سیاسی خۆی دیزاینەکانی هاوبەش کردووە و بەنیازی ئەوە نەبووە سوکایەتی بە کەس بکات.

ستیکەرەکانی ئاکۆیون لەسەر ئەو بەرهەمانە دانراوە کە نرخیان بەربووەتەوە بەهۆی هەڵئاوسانی تورکیاوە و لەسەری نوسراوە “ئایا ئەم بەرهەمە بەلای تۆوە گرانبەهایە؟ ئەمە لەسایەی ئەردۆغانەوەیە”، دۆخەکە بەخێرایی لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەوە.
زۆرێک لە بەکارهێنەران پشتگیریان لە ئاکۆیون کردووە و داوایان لە سەندیکای پارێزەرانی ئیزمیر کردووە بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە بکەن. پارێزەر کاگداس چەلیک وتی، “تکایە هاوکارەکانم لە ئیزمیر پشتگیری ئەم هاوڕێیەمان بکەن، نابێت چاومان لە تۆقاندنی ناڕەوای خوشک و براکانمان دابخەین کە بە زیرەکی خۆیان دژایەتی حکومەت دەکەن، وەک ماهیر”. بزووتنەوەی “گەنجان دەڕووخێنن” ڕایگەیاند کە ئەوان ستیکەرەکانی ئاکۆیونیان لەسەر بەرهەمی ناو بازاڕ و فرۆشگاکاندا داناوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button