
فڕۆکەیەکی جەنگی سو-34ی ڕووسی بە هەڵە تەقەی لە شاری بێلگۆرۆد کرد لە نزیک سنووری ئۆکرانیا و بەهۆیەوە تەقینەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە.
لەئەنجامی ڕووداوەکەدا زیان بە چەندین باڵەخانە گەیشتووە، لەوانە چوار شوقە و هەروەها چوار ئۆتۆمبێل.
پارێزگاری بێلگۆرۆد باری نائاسایی ڕاگەیاند و ڕایگەیاند سێ کەسیش بریندار بوون، بەڵام هیچ هەواڵێکی گیانلەدەستدان نەبووە.
وەزارەتی بەرگری ڕوسیا پشتڕاستی کردەوە کە فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری سو-34 بە هەڵە تەقەی لە شاری بێلگۆرۆد کردووە و لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە.
بەڵام جۆری چەکی بەکارهێنراو ئاشکرا نەکراوە. شایانی باسە کە بێلگۆرۆد لەدوای لەشکرکێشی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی 2022، بەردەوام تەقینەوەی لێکەوتووەتەوە.