
دوای ئەو کێشەیەی لە نێوان لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی پاریس سانجەرمەنی فەڕەنسی سەریهەڵدا، یانەی هیلالی سعودی خۆی ئامادە کردووە بۆندێک بە بڕی یەک ملیار یۆرۆ بخاتە بەردەم ئەستێرە ئەرجەنتینیەکە.
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، هیلالی سعودی بۆندێکی ٣ ساڵی دەخاتە بەردەم مێسی کە بۆ هەر ساڵێک بڕی ٣٦٣ ملیۆن یۆرۆی تەرخان کردووە.
ئەگەرچی لە ئێستادا یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە هەوڵی ئەوەدایە مێسی بگێڕێتەوە ڕیزی یانەکەی، بەڵام بۆندی یانە سعودیەکە هەموو پێشبینیەکانی تێپەڕاندووە.
یانەی هیلالی سعودی بە ڕکابەری هەمیشەیی یانەی ئەلنەسری سعودی ئەژمار دەکرێت کە لە ماوەی ڕابردوودا توانی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگولی بباتە ڕیزی یانەکەیەوە.