بەپەلە

سەرمایەی خانەوادەکەی ئێردۆغان لە دوورگەی مان

دەنگۆی ناردنی بڕە پارەیەکی زۆر لە لایەن کەسە نزیکەکانی ئێردۆغانەوە بۆ کۆمپانیایەک لە دوورگەی مان کە دەکەوێتە نێوان وڵاتانی بەریتانیا و ئیرلەنداوە، بە مەبەستی خۆدزینەوە لە باج، لە میدیاکانی تورکیادا دەنگی دایەوە. کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی گشتی جەهەپە ئەو بابەتەی بردە پەرلەمانی تورکیا و لە ئێستادا بووە بە یەکێک لە گەرمترین بابەت لە ڕۆژەڤی تورکیادا.

 

ئەو کەسانەی هەواڵیان دەربارەی سەروەتەکەی خانەوادەی ئێردۆغان لە دوورگەی مان بڵاوکردووەتەوە، لە لایەن ئێردۆغان و کەسە نزیکەکانییەوە سکاڵا لە دژیان تۆمار کراوە. بەشێکی زۆر لەو داوایانە بە بێ ئەنجام کۆتایی هاتووە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە داواکاری گشتی ئەنقەرە دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بەڵگانەی لە دژی ئێردۆغان و بنەماڵەکەی لە ئارادایە. ئەو بەڵگانەی کڵچدارئۆغڵو خستوویەتییە ڕوو، بانگەشەی ڕاستی بوونیان دەکات و ئێردۆغان و کوڕەکەی و زاواکەی و باوکی زاواکەی بە قاچاخچێتی پارە تۆمەتبار دەکات.

 

یەکێک لەو کەسانەی سکاڵا لە دژی تۆمار کراوە لە لایەن ئێردۆغان و خانەوادەکەیەوە، نەجاتی دۆغرو نووسەر لە ڕۆژنامەی سۆزجووە. بە تۆمەتی نووسینی ستونێک لە ڕۆژنامەکەدا دەربارەی ئەو بابەتە سکاڵا لە دژی تۆمار کرا، بەڵام سکاڵاکە بە بێ ئەنجام کۆتایی هات.

 

نەجاتی دۆغرو لە نوسینێکی نوێیدا دەڵێت: “ئەم خانەوادەیە چۆن ١٥ ملیۆن دۆلاریان لە دەرەوەی وڵات دەست کەوتووە؟ ئایا باجی ئەو قازانجەیان داوە؟ زاوا و باوکی زاوا و کوڕەکەی بە کام مەبەستی بازرگانی ئەو کۆمپانیایەیان لە دوورگەی مان کردووەتەوە؟ ئایا خۆدزینەوە لە باج ڕوویداوە؟ ئەو پارەیە بە چ ڕێگایەک بەدەست هێنراوە و باجەکەی دراوە؟ یاخود ئایا دەکرێت لە دانی باج بەخشرابێت؟

 

پێویستە وەزیری دارایی و ئابووری وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە ئایا ئەو ١٥ ملیار دۆلارەی چۆن دەست کەوتووە و ئایا باجی داوە یاخود نا. پێویستە ڕوونکردنەوەی پێویست لەو بارەیەوە بدات. ئیشەڵا ڕوونکردنەوە دەدات! ئەحمەد ئۆزێل کە یەکێکە لە پارێزەرەکانی ئێردۆغان بە هۆی ئەو نووسینانەمەوە سكاڵای لە دژی من تۆمار کرد، بە بیانووی ئەوەی لە نووسینەکەمدا سوکایەتی هەیە، بەڵام وەک دەبینن نووسینەکەم هیچ سووکایەتییەکی بۆ هیچ کەسێک تێدا نییە. تەنها پرسیارێکە دەربارەی ئەوەی کە ئەو ١٥ ملیۆن دۆلارە چۆن بەدەست هێنراوە و لە کوێ بەدەستهاتووە؟”

 

نەجاتی دۆغرو لە کۆتایی نووسینەکەیدا دەڵێت: “خاوەن دۆلارەکان چاوەڕوانی ئەو ڕۆژە دەکەن کە بەهای دۆلار بگاتە کۆتا پلەی بەرزبوونەوە بۆ ئەوەی دۆلارەکانییان بگۆڕنەوە. هەرچەندە من وەڵامی پرسیارەکەی پێشووم وەرنەگرتووە، بەڵام با پرسیارێکی نوێ بکەم: ئایا کوڕ و زاوا و باوکی زاوا داواکارییەکی سەرۆک کۆمار بەجێ دەهێنن و دۆلارەکانیان دەگۆڕنەوە بۆ لیرەی تورکی؟ ئایا متمانە بە لیرەی تورکی دەکەن؟”

1831 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

x

هەواڵی پەیوەندیدار

زمانی کوردی لە زانکۆکانی تورکیا قەدەغە دەکرێت

نوسەری بە ناوبانگ”سەلیم تیمۆ” ڕایگەیاند کە ئەگەری زۆری هەیە بەشی ئەدەبیات و ...