
فەرەح کەریمی سەرۆکی شاندێکی ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری ئەوروپی لە پەرلەمانی ئەوروپا، سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی تورکیا ڕایگەیاند: “نیگەرانییەکانی نایەکسانی لە مەرجەکانی هەڵبژاردن لە خولی دووەمیشدا بەردەوامی هەبووە. سەرۆک کۆمار خاوەنی سودێکی نایەکسان و نادادپەروەرانە بوو. بەداخەوە بەکارهێنانی وشەی توند و ئیستفزازی لەلایەن هەردوولاوە، ژینگەی سیاسی و کۆمەڵگای تورکیای زیاتر جەمسەرگیر کردووە”.
بەگوێرەی هەواڵێکی دەزگای میدیایی سۆزجو، شاندی چاودێری نێودەوڵەتی هەڵبژاردن کە پێکهاتووە لە چاودێرانی ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا (OSCE) و ئەنجوومەنی پەرلەمانی ئەنجومەنی ئەوروپا (PACE)، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا دەربارەی خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا.
فەرەح کەریمی سەرۆکی ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری ئەوروپی لە پەرلەمانی ئەوروپا تێبینییەکانی خۆی سەبارەت بە خولی دووەمی هەڵبژاردن بەم شێوەیە ڕاگەیاند:
“لە بەرواری 28ی ئایار هاوڵاتیان توانیان بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لەنێوان کاندیدە سیاسییەکان هەڵبژێرن. بەڵام هەروەک لە خولی یەکەمدا، لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکەشدا نادادپەروەری و نایەکسانییەک بوونی هەبوو کە وایکرد پارتی دەسەڵاتدار سودێکی نایەکسانی لە بەرژەوەندی خۆی هەبێت. ئەوانەی کە بەڕێوبەرایەتی هەڵبژاردنەکەیان دەکرد توانیان لەڕووی تەکنیکییەوە بەشێوازێکی کاریگەر ئیدارەی هەڵبژاردنەکە بکەن، بەڵام کەموکوڕییەکان لەڕووی شەفافیەت و گەیاندنەوە تا ڕادەیەکی زۆر بەردەوام بوو.
لە کەشێکی ئارام بەڵام مشتومڕاوی، کاندیدەکان توانیان بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیان بکەن. لە ژینگەیەکدا کە ئازادی ڕادەربڕین سنوردارە، چ میدیای تایبەت و چ میدیای گشتی نەیانتوانی بە شێوازێکی سەربەخۆیانە و بێلایەنانە ڕووماڵی هەڵبژاردنەکان بکەن. ئەمەش وای کرد کە دەنگدەران نەتوانن بەشێوازێکی ئاگاییانە دەنگی خۆیان بدەن. ڕۆژی هەڵبژاردن بە گشتی بە ئارامی بەڕێوەچوو. بەڵام دەنگۆی ئەوە لەزۆر شوێن هەبوو کە لە کاتی جیاکردنەوەی دەنگەکان هەندێک ڕێکار بە تەواوەتی جێبەجێنەکران”.