بایدن بە تەلەفۆن پیرۆزبایی لە ئەردۆغان کرد

جۆو بایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیەوە پیرۆزبایی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا کرد بەبۆنەوەی دووبارەی هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ماوەی 5 ساڵی تر.
بایدنی باسی لەوە کرد کە ئەردۆغان هێشتا بەردەوام دەیەوێت کار بکەن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-16. هەروەها بایدن ئەوەی بە ئەردۆغان ڕاگەیاندووە کە دەیەوێت بگەنە ڕێککەوتن لەسەر ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز، بایدن پێش ئەوەی کۆشکی سپی بەجێبهێڵێت قسەی بۆ ڕۆژنامەکان کردووە و وتی: “قسەم لەگەڵ ئەردۆغان کرد و پیرۆزباییم لێکرد. ئەو هێشتا دەیەوێت کارێک بکەین دەربارەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-16. هەروەها پێم ڕاگەیاند کە دەمەوێت بگەینە ڕێککەوتن لەسەر سوید”.
هەروەها لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوو سەرۆک باسیان لە کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ کردووە کە لە بەرواری 11 بۆ 12ی تەمووز لە شاری ڤیلینۆسی پایتەختی وڵاتی لیتوانیا بەڕێوەدەچێت و باس لە “ئامادەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە ناوچەیی و جیهانییەکان، لەوانەش بەهێزکردنی ئاسایشی دەریای ئەتڵەسی” کراوە.