ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانی: هەر کەسێک پێی وابێت ئەردۆغان هێڵێکی میانڕەو پەیڕەو دەکات هەڵەیە

ڕۆژنامەی شتوتگارتەر ناکریتنی ئەڵمانی ڕاپۆرتێکی شیکاری سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڵاوکردەوە.
ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاند:
“دوای سەرکەوتنەکەی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکان پێش ئەوەی شتەکان باش بن خراپتر دەبن، چونکە سەرۆک کۆماری دوبارە هەڵبژێردراو لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان هیچ باسی لەوە نەکردووە کە کێشەکانی وڵاتەکەی چۆن چارەسەر دەکات، ئەردۆغان توانی بە بەڵێن و درۆکانی لایەنگرانی ناسیۆنالیست و ئیسلامی لە خۆی کۆبکاتەوە، بەڵام باسی لەوە نەکرد کە چۆن کێشەکانی هەڵاوسانی ئابوری چارەسەردەکەن و باسی لەوەش نەکرد ئەو هەموو ماڵە زیانلێکەوتوەی بومەلەرزەکەی ئەم دوایە چۆن دروست دەکەنەوە، تا ئێستا لەبری پڕکردنەوەی ئەم کەموکوڕیانە بە دیاری هەڵبژاردن سەرنجی هاوڵاتیانی لاداوە، بەو پێیەی کەس داوای وەڵامیان لێ ناکات. ئێوارەی سەرکەوتنەکەی دەستی کرد بە بانگەشەی هەڵبژاردنی داهاتوو. ئەردۆغان دەیەوێت ئەستەمبوڵ و ئەنقەرە بباتەوە لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکان کە بڕیارە لە ساڵی داهاتودا ئەنجام بدرێت هەروەها دەیەوێت ئەو هەوای بردنەوەی ئێستای لە دژی ڕکابەرە سیاسیەکانی بەکاربێنێت ئەمەش نیشانەیەکی باش نیە”.
“ئەوانەی پێیان وایە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردندا هێڵێکی میانڕەوتر پەیڕەو دەکات، نائومێد دەبن، تەنانەت لە شەوی هەڵبژاردنیشدا ئاماژەی بەوەدا کە توندتر دەبێت بەرامبەر بە نەیارە سیاسیەکانی، ئێستا ئەردۆغان لە ڕێگادایە، چیتر بەربەستی سیاسی و ئابووری لەبەردەم دەسەڵاتەکەیدا نەماوە، لە داهاتوودا پەیوەندیی نێوان ڕۆژئاوا و تورکیا هاوشێوەی ئەو پەیوەندییانە دەبێت کە لەگەڵ دەسەڵاتە خۆسەپێنەکانی وەک قەتەر و سعودیە دایمەزراندون، تورکیا زیاتر و زیاتر لە ڕۆژئاوا دوور دەکەوێتەوە.”