کۆنتڕۆڵ کردنی ئەفغانستان لە لایەن تاڵیبانەوە لە میدیاکانی بەریتانیادا: ‘مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە’

لەگەڵ هاتنە ناوەوەی تاڵیبان بۆ ناو کابۆلی پایتەختی ئەفغانستان و دەرچوونی سەرۆک ئەشرەفی غەنی لەو وڵاتە، ئەمڕۆ ئەجێندای سەرەکی ڕۆژنامەکانی بەریتانیا و ئەمریکا بریتیبوو لە بابەتی ئەفغانستان.
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی هەواڵێکی بە مانشێتی “کەوتنی کابول” بڵاوکردۆتەوە و تێیدا دەڵێت: کاتێک دوێنێ چەکدارانی تاڵیبان لە کابولی پایتەخت هەوڵیاندەدا بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بگرنە دەست، کارەکانی ٢٠ ساڵی ڕابردووی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەو وڵاتە شکستی هێنا.
مانگێک پێش ساڵیادی هێرشەکانی 11ی ئەیلول، ئەو وێنانەی کە بە “سوکایەتیکردن” بۆ ئیدارەی بایدن وەسف دەکرا تۆمارکراون. دووکەڵ لە بیناکانی ئەمریکاوە دەردەهات وەک ئەوەی فەرمانبەران هەوڵیاندا بەڵگەنامەکان بسوتێنن پێش ئەوەی دوایین گروپ لە باڵوێزخانەکە جیبهێڵن.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: “خەڵک پەلەیان کرد لە ماڵەکانیان بۆ لەناوبردنی هەر بەڵگەیەک کە بتوانن پەیوەندیەکانیان بە ڕۆژئاوا یان حکومەتەوە ئاشکرا بکەن”.
قسەکانی سوهیل شەهین وتەبێژی تاڵیبان کە دەڵێت ئەوانەی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ڕۆژئاوا و حکومەتی ئەفغانستان کاریان کردووە لێخۆشبوونیان بۆ دەردەچێت و داوایان لێدەکەن لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا کاربکەن بەڵام خەڵکێکی زۆر گومانیان لە قسەکانی تاڵیبان هەیە.
راپۆرتی بەرچاو لەسەر سەربازان و کەسانی دیکە هەبووە کە لە ناوچەکانی دیکە خۆیان ڕادەستکردووە کە تاڵیبان بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە هەموویانی کوشتووە، ژنان لە دەوام و قوتابخانە ڕاگیراون و هاوسەرگیری زۆرەملێیان لەگەڵ چەکداراندا پێدەکەن.
ژنێکی گەنج بە ڕۆژنامەکەی راگەیاند”هەموو دەموچاوی ژنان پڕە لە ترس” لە کابول ترس دایگرتوون.
گاردیان ئاماژە بەوە دەکات کە ژنانی بێ پەچە بەدوای دوکاندا دەگەڕێن بۆ کڕینی پەچە.
هەروەها لە ناو ئەو زانیارییانەی لە ڕۆژنامەکەدا باس لەوە دەکرێت کە خەڵکی پایتەخت کاردانەوەیان سەبارەت بە دەرچوونی سەرۆک ئەشرەفی غەنی لە وڵات هەیە.
کارینا جەمیلی بەرپرسی گشتی دەڵێت غەنی ئەو وڵاتەی بە تاڵیبان فرۆشت من متمانەم پێ کرد و دەنگم پێدا. بەڵام سەرکردەیەکی شکستخواردووە.
بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی تاڵیبان لە پایتەخت، هەندێک نیگەرانن لە گەڕانەوە بۆ توندوتیژییەکانی ساڵانی نەوەدەکان پێیان وایە ڕۆیشتنی سەرۆک غەنی دەبێتە ڕێگر لەبەردەم ئەگەری خوێنڕشتن.
بیهێنە پێش چاو ئەگەر دژی تاڵیبان دەجەنگیت، چەند کەس دەکوژران و چەند خەڵکی بێتاوان دەمردن ! بە لەبەرچاوگرتنی هەموو پارێزگاکان لەژێر کۆنترۆڵی تاڵیباندان، ئەوە تاکە ڕێگە بوو بۆ کەمکردنەوەی گرژیەکان.
پەیامنێری گاردیان جەیسۆن بورک هۆشداری دەدات کە سەرکەوتنی تاڵیبان هانی گروپە توندڕەوەکانی دیکەی جیهان دەدات کە دووبارە هەموو گروپە چەکدارەکان بڕۆن بۆ ئەو وڵاتەو لەوێ خۆیان کۆبکەنەوە.
فاینانشیڵ تایمز: مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە
لە ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانیدا هەواڵێک بە ناونیشانی “مێژوو خۆی لە تراژیدیای ئەفغانستان دووبارە دەکاتەوە” بڵاوکراوەتەوە.
ڕۆژنامەکە لە هەواڵەکەیدا دەڵێت: “ئەمە تراژیدیایە بۆ خەڵکی وڵات و خیانەتە لە هەزاران کەس سەربازی ئەمریکا و هاوپەیمانان و زیاتر لە 120 هەزار ئەفغانی کە لە 20 ساڵدا و لە شەڕدا گیانیان لەدەستداوە هەروەها شکستێکی جدییە بۆ ئەمریکا و کۆمەڵگەی دیموکراسییەکان کە بایدن هیوای پتەوکردنی هەیە”.
تایمز: تاڵیبانی سەرکەوتوو کابولیان گرت، سەرۆک غەنی هەڵهات
ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی، هەندێک لە وتەکانی بەرپرسانی باڵای تاڵیبانیان لە هەواڵەکەیدا بە ناونیشانی “تاڵیبانە سەرکەوتووەکان کابوڵیان گرت، سەرۆک غەنی هەڵات” بڵاوکردەوە.
بەرپرسانی تاڵیبان بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە کە داوای پێکهێنانی حکومەتی کاتی بۆ گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات قبوڵ دەکەن.
بەرپرسێکیش دەڵێت” ئێمە شەڕمان نەکردووە بۆ ئەوەی دەسەڵات لەگەڵ ئەوانی تردا بەش بکەین”
دوای دوو دەیە هەوڵە سەرسوڕهێنەرە خوێناویەکانی تاڵیان بۆ دووبارە گرتنەوەی دەسەڵات تاڵیبان توانی بگاتەوە دەسەڵات.
دوای ئەوەی 83 ملیار دۆلار لە ئەفغانستان خەرج کرا و لانی کەم 2448 سەربازی ئەمریکی گیانیان لەدەستدا تاڵیبان حوکمی ئەو وڵاتە دەکات.