جیهانی

نیویۆرک تایمز: ئایا جەنگی ئەفغانستان ناچاری بوو؟

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی ڕەخنەئامێزی سەبارەت بە بڕیارەکەی جۆی بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، لە ژێر ناونیشانی “ئایا لە ئەفغانستان جەنگ ناچاری بوو؟” بڵاوکردەوە و تێیدا بیروبۆچوونی دیپلۆماتکارانی پێشووی ئەمریکا لەو بارەیەوە خرایەڕوو.

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت: “لە ساڵی ٢٠٠١دا تاڵیبان زۆر لاواز ببوو، وە ئامادەبوو خۆی بەدەستەوە بدات بەڵام ئەمریکا ئەوەی قبوڵ نەکرد. دوای نزیکەی ٢٠ ساڵ تاڵیبان بە شێوەیەکی بەهێزتر گەڕایەوە و ئێستا کارتەکانی فشار لە دەستی تاڵیباندایە. لە ساڵی ٢٠٠١ دا کاتێکدا کاتێک حامید کارزای ئامادەکاری دەکرد بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆک کۆماری کاتی ئەفغانستان، تاڵیبان پەیوەندییان پێوەکرد و داوای ڕێکەوتنیان لێدەکرد، وە بە پێی زانیارییەکانی بارنێت روبین کە ئەوکات لە بەشی سیاسی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کاری دەکرد، لەو کاتەدا تاڵیبان بە تەواوی شکستی هێنابوو، جگە لە داوای دەرکردنی لێبوردنی گشتی هیچ داواکارییەکی دیکەیان نەبوو. ئامادەبوون بە تەواوی خۆیان ڕادەست بکەن. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لەو بابەبەتەدا بریتییە لەوەی کە ئەمریکا سەرەڕای ئەوەی دەیزانی لەو ڕێگەیەوە بۆ هەمیشە کۆتایی بە تاڵیبان دەهێنێت بەڵام هیچ گرنگییەکی بەو ڕێکەوتنە نەدا و لێی نزیک نەبووەوە. دۆناڵد ڕامسفێڵد وەزیری بەرگری ئەوکاتی ئەمریکا ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو کە ئەمریکا ئامادە نییە دانوستان لەگەڵ تاڵیبان بکات بۆ خۆبەدەستەوەدان بەڵکو ئەوان دەیانەوێت مەلا عومەری سەرکردەی ئەوکاتی تاڵیبان یان دەستگیر بکەن یاخود بیکوژن”.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە دوای ٢٠ ساڵ جارێکی تر هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی تاڵیبان گۆڕا و دەڵێت: “درێژەپێدانی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە لایەن جۆی بایدنەوە، خیانەتکردنە لە هەوڵ و ماندووبوونی دیپلۆماتکاران کە چەندین ساڵی تەمەنیان بۆ پشتیوانی کردن لە کار و چالاکییەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان تەرخان کردبوو”.

وە هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ وتەکانی جۆسێپ دەنفۆرد سوپاسالاری پێشووی ئەمریکا کراوە کە دەڵێت: “یەکێک لە هەڵە گەورەکان ئەوەبوو کە ئێمە پێشنیاری دانوستانمان لەگەڵ تاڵیبان ڕەتکردەوە. لە ساڵی ٢٠٠١ دا ئێمە زۆر متمانەمان بە خۆمان هەبوو، پێمان وابوو کە ئیتر تاڵیبان تەواوبووە و هەرگیز ناگەڕێتەوە، وە هەروەها دەشمانویست تۆڵە بکەین و بەو هۆیەوە هەڵەیەکمان کرد کە نەدەبوو بیکەین”.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ لێدوانەکانی ریان کرۆکەر باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ئەفغانستان کراوە کە دەڵێت: “کاتێک بیستم ئەمریکا بە بێ ئامادبوونی حکومەتی ئەفغانستان ڕاستەوخۆی لەگەڵ تاڵیبان لە دەوحە کۆدەبێتەوە، وتم ئەوە دانوستانی خۆبەدەستەوەدانی ئەمریکایە. واتە ڕێکەوتنەکان تەنها بۆ ئەوە بوو کە ئەو کاتەی ئێمە دەکشێینەوە تاڵیبان تەقەمان لێنەکەن، لە بەرامبەردا هیچ شتێکمان بەدەست نەهێنا”.

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button