
بزووتنەوەی تاڵیبان هەرچەندە توانیویەتی دەسەڵاتی ئەفغانستان کۆنتڕۆڵ بکات و لە کۆی ٣٤ ویلایەت توانیویەتی ٣٣ دانەیان بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، بەڵام ویلایەتی پەنجشیر خۆی نادات بەدەستەوە و ڕووبەڕووی تاڵیبان وەستاوەتەوە. ویلایەتی پەنجشیر بە کۆمەڵێک چیا چواردەوری گیراوە و لە ئێستادا تاڵیبان هەموو هێزەکانی خۆی خستووەتەکار بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ویلایەتی پەنجشیر.
بەڵام کۆنتڕۆڵکردنی پەنجشیر کارێکی هێندە ئاسان نییە، و پێشتر یەکێتی سۆڤییەت کە یەکێک بوو لە زلهێزترین وڵاتەکانی ئەوکاتی جیهان بە درێژایی ١٠ ساڵ نەیتوانی ویلایەتی پەنجشیر کۆنتڕۆڵ بکات.
لە ئێستاشدا گرووپێک چەکدار کە ناوی “بەرەی بەرخۆدانی نیشتیمانی”یان لە خۆیان ناوە، بەرگری لە ویلایەتی پەنجشیر دەکەن کە لە لایەن ئەحمەد مەسعود کوڕی شا مەسعود کە بە شێری پەنجشیر ناوی دەرکردووە، ڕابەرایەتی دەکرێت.
شەمسەدین حامید کە یەکێکە لە فەرماندەکانی هێزەکانی ئەحمەد شا مەسعود بانگەشەی ئەوە دەکات کە چۆن شکستیان بە یەکێتی سۆڤیەت هێنا بە هەمان شێوە شکست بە تاڵیبان دەهێنن و دەڵێت: “هەتا ئەو کاتەی ئێمە لە ژیاندا بین هیچ سوپایەک ناتوانێت بێتە ناو خاکی پەنجشیرەوە. هیچ کەسێک ناتوانێت لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی قامچی وهەرەشە و سوکایەتی و گەندەڵیدا بژی. تاڵیبان وادەزانێت ئێمە خۆمان بەدەستەوە دەدەین؟ نەخێر بەهەڵەدا چوون. تاڵیبان پێویستە ئامادە بێت بۆ ئەوەی دانوستان بکەین و بگەینە ڕێکەوتنێکی گونجاو. پێویستە ئەنجامدانی هەڵبژاردن قبوڵ بکات. ئەو بابەتە پەیوەندی بە دابەشکردنی دەسەڵاتەوە نییە، بەڵکو پێویستە وڵات لە لایەن ئەو کەسانەوە بەڕێوە ببرێت کە مافی خۆیانە”.