
مامۆستایەک بە ناوی ئەحمەد ئاشک لە زیندانی تورکیادا بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ دەستگیرکرا و لە زینداندا ئەشکەنجەی توند درا و بانگەشەی ئەوەی کرد کە دەستدرێژی کراوەتەسەر، ئەم دۆسیەیە لەلایەن دادگای باڵای ئەوروپاوە چاودێری کرا و سەئەنجام دادگای باڵای ئەوروپا بڕیاریدا کە لێکۆڵینەوەی توند لەو پۆلیسە بکرێت کە ئەو کارەی ئەنجامداوە.
بەهۆی کودەتاکەی ١٥ تەموزەوە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی لە تورکیادا دەستگیر کران و پاش دەستگیر کردنیان بانگەشەی ئەوە هەبوو کە لە زینداندا بەچەندین شێوەی دڕندانە ئەشکەنجە دراون، بۆ ئەم مەبەستەش ئەشکەنجەدراوان دۆسیەکانیان گەیاندە دادگای باڵای ئەوروپا، دادگای باڵای ئەوروپاش بە پشت بەستن بە بەڵگەکان بڕیاریدا کە لێکۆڵینەوە لەو پۆلیسە بکرێت و پێویستە بە بڕی ٥٠ هەزار لیرە قەرەبووی ئەو مامۆستایە بکرێتەوە.
ئەم مامۆستایە بە بیانوی ئەوەی کە پەیوەندی بە گروپی گولەنەوە هەبووە لە ١٦ ئەیلولی ٢٠١٦ دەستگیر کراوە و بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ لە زینداندا هێڵراوەتەوە و لەو وادەیەدا ئەشکەنجە دراوە، پاش ئازادکردنی نیشانەی ئەشکەنجە بە لەشیەوە دیار بووە. ئەحمەد باسی لەوە کرد کە لەو ماوەیەی کە لە زینداندا بووە لەلایەن پۆلیسی زیندانەوە ٤ بۆ ٥ جار دەستدرێژی کراوەتەسەر و بە دڕندانە ئازار دراوە. بەڵام مامۆستا ئەحمەد دوای هاتنە دەرەوەی هیچ سکاڵایەکی دژی کارمەندانی زیندانەکە تۆمار نەکردووە.
بەڵام دوای ٧ مانگ لە رووداوەکە جارێکی تر وتەی لێ وەردەگرنەوە و ئەحمەدیش بەم شێوەیە باسی ڕووداوەکە دەکات، ” کاتێک منیان بردە زیندانەکە لە ڕێڕەوەکەدا بەرپرسێکی زیندانەکە لەگەڵ ٧ کەس بوون ئەوان جلی سەربازیان لەبەردا نەبوو، هەر ٨ کەسەکە تێم کەوتن بە بۆکز و شەق لێیان دەدام، من لە ساڵی ٢٠١٤ نەشتەرگەری بۆ گوێم ئەنجامدابوو، پێم وتن کە لە گوێم نەدەن، بەڵام ئەوان گوێیان لێ نەگرتم و بەردەوام بوون لە ئەشکەنجەدانم، گەنجێکیان پیشاندام وتیان ئەم گەنجە دەناسیت، منیش نەمدەناسی وتم نایناسم وتیان وات لێ دەکەین کە بیناسیت. پاشان بەردەوام بوون لە لێدانم، دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر تورەکەیەکیان کرد بەسەرمدا و بۆ ژورێکی تریان گواستنەوە، ئەحمەد وتی پۆلیسیک لەو ژورەدا دەستدرێژی کردمەسەر و پۆلیسەکانی تریش سەیریان دەکرد و یەکیێکیشیان بە تەلەفۆنەکەی ڤیدیۆی تۆمار دەکرد. دوای ئەوەش پێیان وتمەوە ئەو گەنجە دەناسیت من وتم نایناسم چونکە نەمدەناسی، وتیان هەتا ٣٠ ڕۆژ لەگەڵ ئێمە دەبیت و بە بەردەوامی دەستدرێژیت دەکەینەسەر.
پاش ئەوەی کە دەستدرێژیان کردمە سەر بردیانم بۆ هۆڵێکی گەورە کە بە هۆڵی وەرزش ناویان دەبرد، لەوێ لەسەر پشت پاڵیان خستم یەکێک لە بەرپرسانی زیندانەکە هات لەسەر سکم دانیشت، نەیهێشت من وەڵام بدەمەوە بە زلە تێم کەوت زیاد لە ٥٠ بۆ ٦٠ زلەی لێدام، لەگەڵ ئەوەی کە لێی دەدام جنێوی پێ دەدام، پاشان بەو دەستەی کە ئەنگوستیلەی لە دەستابوو بۆگزێکی بە دەمما کێشاو ناو دەمم هەمووی بو بە خوێن. پاشان بە یەکێک لە پۆلیسەکانی وت لەوێدا دایبنێن هەموو ڕۆژێک دێین بەم شێوەیە دەیکوتین، بەڵام کەسێک لەوێوە نەهات و نەڕۆشت. من بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لەو شوێنەدا مامەوە.
بە کوتەک لێیان دام
ئەحمەد ئاشک بەردەوامی بە قسەکانیدا و وتی کە لە ساڵۆنەکە دەریان هێنام بردمیان بۆ بەرێوبەرایەتی پۆلیس و لەوێ بە کوتەک لێیاندام، ” لەوێ بەڕێوبەرەکە هاتە لام وتی ئەو گەنجەی کە پیشانیاندایت دەبێت بیناسیت، تۆ ٣٠ ڕۆژ لەلای ئێمە دەبیت، ئەگەر بێت و قسە نەکەیت و ئەوەی ئێمە پێت دەڵێن ئەنجامی نەدەیت ئەوا ئێمە ژنەکەشت دەستگیر دەکەین، ئەوکاتە خوا دەزانێت دەکەوێتە ژێر کام لە پیاوەکانمان. پاس ئەوەش تۆ بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ دەخرێیتە زیندانەوە، ئیتر خۆت بیری لێ بکەرەوە. ئیتر ئەم قسانە منی زۆر ترساند و چەند کەسێکیان پیشاندام لە ترسان وتم دەیاناسم. بۆ ڕۆژی دواتر ژنەکەمیان پیشاندام ئەویشیان هێنابوو بۆ زیندان و پێیان وتم ئێمە چیت پێ بڵێین تۆ ئەو شتە دەکەین. ئەوەندەیان لێدام لە هۆشخۆمچووم پاشان پۆلیسەکان بردمیان بۆ نەخۆشخانە لەوێدا پزیشکەکە لێی پرسیم کە ئایا لێیانداوم، لە وەڵامدا منیش لە ترسی پۆلیسەکان وتم نەخێر لێیان نەداوم. ئەمە پێش ئەوە بوو کە ئازادم بکەن بۆ ئەوەی هیچ ڕاپۆرتێکی تەندروستی لەسەریان نەبێت.
بەرێوبەرایەتی پۆلیس هەموو ئەو ڤیدیۆیانەیان سڕیبووەوە
دوای ئەوەی دۆسیەکەی ئەحمەد ئاشک کرایەوە و دادوەر داوایکرد کە لێکۆڵینەوە لە کامێرای چاودێری بکەن، دەرکەوت کە هەموو ڤیدیۆکان سڕدراونەتەوە، بیانوش ئەوە بوو کە ئەم کامێرانەی کە لەم زیندانەدا هەن بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ ڤیدیۆ دەگرن و پاش ئەو وادەیە دەسڕدرێنەوە.
بانگەشەی ئەوە بۆ ئەحمەد کرابوو کە دەستی لەگەڵ گروپی گولەن تێکەڵ کردووە و دەستی هەبووە لە هێزی چەکداری ئەو گروپەدا، لە بەرامبەردا ئەحمەد ئاشک داوای لەسەر پۆلیس تۆمارکرد و وتی ئەو دەستگیرکردنەی من و ئەو بانگەشانەی کە بۆیان کردووم هەمووی دوورن لە ڕاستیەوە و بووەتە هۆی ئەوەی کە ناوبانگم لەکەدار بکەن، بۆ ئەومەبەستە داواکارە کە ئەو کەسانەی کە ئەشکەنجەیانداوە و ناویان زراندووە بە زوترین کات بە سزای خۆیان بگەییندرێن.
دادگای باڵای ئەوروپا دوای چوار ساڵ وەڵامی داواکەی ئەعمەد ئاشکی دایەوە
دادگای باڵای ئەوروپا دوای چوار سال بڕیاریدا کە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بکات و ئەو کەسانەی کە دەستدریژیان کردووەتە سەر ئەحمەد بەپێی مادەی ژمارە ١٧ تاوانی ئاسایش ڕووبەڕوی دادگا بکریتەوە. هەروەها بەهۆی ئەو ئەشکەنجانەی کە ڕووبەروی بووەتەوە پێویستە بڕی ٥٠ هەزار لیرە قەرەبوو وەربگرێتەوە.
بەڵام کاتێک کە داواکە لەلایەن دادگای باڵای ئەروپاوە پیشکەس بە دادگای تورکیا کرا بە بیانوی ئەوەی کە هیچ بەڵگەیەکی ئاشکرا لەبەردەستدا نییە کە ئەو وتانەی ئەحمەد ئاشکن پشتڕاست بەکەنەوە هەتا ئێستا هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە، پێویستی دەکرد کە وتەی ئەو کەسانە وەربگیرێت کە لەو کاتەدا لەگەڵ ئەحمەددا لە زینداندا بوون، بەڵام دادگای تورکیا لە بەرامبەر داواکارایەکەی دادگای ئەوروپادا بە بیانوی نەبونی بەڵگەی پێویستی پزیشکی دەڵێت، ” هەرچەندە ئەو قسانەی کە ئەحمەد وتونی تاوانە و ئەو کەسانەی ئەو کارانەیان کردووە پێویستە ڕەووبەڕی دادگا بکرێنەوە، بەڵام بە نەبوونی بەڵگەی پێویست لەسەر ئەو قسانە ئیمە ناتوانین هیچ کەسێک تاوانبار بکەین”.