جیهانی

بەرپرسێکی داعش لە تورکیا دەستگیرکرا

لە غازی عەنتاب ئەو بەرپرسەی داعش دەستگیرا کرا، کە تۆمەتبارە بە سووتاندنی دوو سەربازی تورک لەسووریا.

رۆژی هەینی 17ی ئەیلولی 2021 تیمەکانی پۆلیس لە شاری غازی عەنتاب لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی غازی عەنتاب لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە سووتاندن و کوشتنی دوو سەربازی تورک لە سووریا بە ناوەکانی “فەتحی شاهین” و “سەفتەر تاش”، بەرپرسێکی داعشیان بە ناوی جەمال عەبدولڕەحمان عەلەوی دەستگیرکرد، کە قازی داعش بووە لە سووریا.

ئەو بەرپرسەی داعش بە رەگەز سوورییە تۆمەتبارە بەوەی لە ساڵی 2016 دوو سەربازی تورکی سووتاندووە.

دوای کۆتاییهاتی لێکۆڵینەوەی پۆلیسی غازی عەنتاب رۆژی شەممە 18ی ئەیلولی 2021 جەمال عەبدولڕەحمان عەلەوی درایە دادگا و بە بڕیاری دادگای ئێشکگری غازی عەنتاب خرایە زیندانەوە.

ئەو بەرپرسەی داعش پێشتر لە 18ی حوزەیرانی 2020 دا دەستبەسەرکرا و بە تۆمەتی “بەرپرس لە رێکخراوی چەکداریی تیرۆر” سکاڵای لەسەر تۆمارکرا، بەڵام دواتر بە مەرجی دادی ئازادکرا.  هەروەها دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە سووتاندنی ئەو دوو سەربازە تورکە لە داواکاری گشتیی کیلیسەوە گوازرایەوە بۆ داواکاری گشتیی غازی عەنتاب.

میدیاکانی تورکیا رۆژی هەینی دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گرتنی جەمال عەبدولڕەحمان عەلەوی، ئاماژەیان بەوەدا ئەو بەرپرسە سوورییەی داعش لە شاری غازی عەنتاب دوکانی فرۆشتنی باڵندەی کردووەتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button