بەپەلە

ئایا قەیرانی ئێس- ٤٠٠ ستراتیژی هەڵبژاردنی ئێردۆغانە؟

بە گوێرەی زانیارییەکانی ماکس هووفمان شارەزای بواری کاروباری تورکیا، ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کە لە ئێستادا هەوڵ دەدات ڕادەستکردنی سیستەمی بەرگری ئێس- ٤٠٠ لە لایەن ڕووسیاوە بۆ تورکیا بۆ مانگی حوزەیران پێشبخات، دەکرێت ئەو قەیرانەی بەو هۆیەوە لەگەڵ ئەمریکادا ڕووبەڕووی دەبێتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی ئەستەمبوڵ بەکاربهێنێت.

ماکس هووفمان شارەزای بواری تورکیا لە دەزگای توێژینەوەی بەرەوپێشچوونی ئەمریکا، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەگەر تورکیا واز لە کڕینی سیستەمی بەرگری ئێس- ٤٠٠ لە ڕووسیا نەهێنێت، ئەوا ڕووبەڕووی سزایەکی زۆر توندی ئەمریکا دەبێتەوە و ئەو سزایانە لە هەموو ڕوویەکەوە گورزێکی کوشندە لە تورکیا دەوەشێنن.

ماکس هووفمان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بەشی تورکی ئاژانسی DWی ئەڵمانی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە زیادبوونی گرژییەکان بە هۆی قەیرانی ئێس- ٤٠٠ لە نێوان تورکیا و ئەمریکادا، دەکرێت بەشێک بێت لە ستراتیژی ئێردۆغان بۆ هەڵبژاردنی خۆجێی ئەستەمبوڵ.

ماکس هووفمان بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسە هەواڵییەکەی دایەوە:

DW: ئایا کڕینی سیستەمی بەرگری ئێس- ٤٠٠ی ڕووسی لە لایەن تورکیاوە، بە واتای بەزاندنی هێڵی سوور دێت لە لای ئەمریکا؟

ماکس هووفمان: کڕینی سیستەمی بەرگری ئێس- ٤٠٠ ی ڕووسی لە لایەن تورکیاوە بەزاندنی هێڵی سوورە. بە هۆی ئەو پاشەکشە گەورەیەی لە دیموکراسی تورکیادا ڕوویدا، زۆر قورسە بتوانین بڵێین لە ئێستادا هەندێک بەهای هاوبەش لە نێو ئەو دوو وڵاتەدا ماوە، تەنها شتێک کە لە ئێستادا مابێتەوە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا پەیوەندی ئەمنییە. ئەو پەیوەندییەش لە ئێستادا کەوتووەتە ژێر هەڕەشەی ڕووسیاوە. ئەگەر تورکیا سوور بێت لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکی ستراتیژی قووڵ لەگەڵ ڕووسیادا ببەستێت، ئەوا ئەو شتە لە لایەن ئەمریکاوە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت و کاردانەوەی زۆر قورس بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

DW: کاردانەوەکانی ئیدارەی ئەمریکا چۆن دەبێت؟

ماکس هووفمان: یەکەم کاردانەوەی ئەمریکا بریتی دەبێت لە دەرکردنی تورکیا لە بەرنامەی فڕۆکەی جەنگی ئێف – ٣٥. ئەوەش گورزێکی کوشندە لە کەرتی سەربازی و پیشەسازی سەربازی تورکیا دەدات.

DW: باس لەوە دەکرێت کە لە چوارچێوەیەی ئەو یاسایەی باس لە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەکات کە لە ڕێژەیەکی دیاریکراو زیاتر چەک لە ڕووسیا دەکڕن، ئەمریکا دەتوانێت سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێت. ڕای ئێوە چییە؟

هووفمان: بەڵێ، بەرهەمهێنەری سیستەمی بەرگری ئێس – ٤٠٠ لە لیستی سزادراوەکاندا هەیە. ئەگەر ئەو سزایانە بەسەر تورکیادا بسەپێنرێت، ئەوکات هەموو ئەو مامەڵانەی لەگەڵ تورکیادا کراوە بۆ فرۆشتنی چەک بە تورکیا هەڵدەوەشێنرێتەوە. ئەوەش زیانێکی زۆر گەورە بە هێزی چەکداری تورکیا دەگەیەنێت کە دووەم گەورەترین هێزە لە دوای ئەمریکا لە نێو هاوپەیمانێتی ناتۆدا. پێداویستی هەموو فڕۆکە و کەلوپەلە سەربازییەکانی دیکەی سوپای تورکیا لە لایەن ئەمریکاوە دەبین دەکرێت و نوێ دەکرێتەوە، لە حاڵەتی سەپاندنی سزاکاندا ئەوەش مەترسییەکەی گەورەی دیکەیە کە ڕووبەڕووی تورکیا دەبێتەوە.

DW: ئایا دەکرێت ئێردۆغان ترەمپی ڕازی کردبێت بۆ ئەوەی سزا بەسەر تورکیادا نەسەپێندرێت و تورکیا لەو سزایانە ببەخشرێت؟

هووفمان: بەرپرسانی تورکیا خۆیان لە هۆشیارییەکانی کەسانی تەکنۆکراتی ئەمریکا دەدزنەوە و هەوڵ دەدەن لەگەڵ ترەمپ بگەنە ڕێکەوتن بۆ ئەوەی تورکیا لە ئەگەری سەپاندنی ئەو سزایانە بپارێزن. ترەمپ لەگەڵ سەرکردە بەهێزەکان نێوانی زۆر باشە و هەست بە نزیکی دەکات لە پۆتین و ئێردۆغانەوە، دەکرێت بەو هۆیەوە باس لە بەخشینی تورکیا بکرێت. بەڵام ئەوە کۆنگرێسی ئەمریکا زۆر تووڕە دەکات. ئەوکات کۆنگرێس هەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی ئەو سزایانە بەسەر تورکیادا بسەپێنێت.

DW: ئێردۆغان ئاشکرای کرد کە بە نیازن ڕادەستکردنی سیستەمی بەرگری ئێس -٤٠٠  بە تورکیا بۆ مانگی حوزەیران پێش بخرێت. وەک دەزانین ٢٣ی حوزەیران هەڵبژاردنەکانی ئەستەمبوڵ دووبارە دەکرێتەوە. ئابووری تورکیا تەنانەت بە یەک تویتی ترەمپ دەلەرزێت، ئایا ئەو قەیرانەی لەو حاڵەتەدا لەگەڵ ئەمریکادا درووست دەبێت هیچ کاریگەرییەک لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان درووست ناکات؟

هووفمان: بە ڕای من کاریگەری درووست دەکات و دەکرێت ئەوە بەشێک بێت لە ستراتیژی ئێردۆغان بۆ هەڵبژاردنەکان. لە هەڵبژاردنەکانی مانگی حوزەیرانی ٢٠١٥ دا بە هەمان شێوە هۆکاری ئەمنی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بەکارهێنا. ئەو باش دەزانێت کە ئەمریکا سزای بەسەردا دەسەپێنێت بەڵام سەرەڕای ئەوە وادەی وەرگرتنی سیستەمی بەرگری ئێس – ٤٠٠ پێش دەخات بۆ ئەوەی بڵێت ‘تەماشا بکەن ئیمپریالیستەکان دەیانەوێت ئابوری تورکیا بڕوخێنن، لەبەر ئەوە پێویستتان بە سەرکردەیەکی وەک من هەیە’ و ئەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بەکاربهێنێت.

818 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

x

هەواڵی پەیوەندیدار

لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا سەرلەنوێ کەرەنتین دەستپێدەکاتەوە

حکومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا و ئیدارەی هەرێمەکان بە سەرپەرشتی ئەنگێلا مێرکڵ سەرۆک وەزیرانی ...