بەپەلە

‘سێ جامی شوشە’

نووسینێکی ئەحمەد ئاڵتان پێش ئەوەی دووبارە دەستگیر بکرێتەوە

لە گرتووخانەکاندا چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەرەکەت لە ناو کۆمەڵێک جامی شوشەدا ئەنجام دەدرێت کە لەپاڵ یەکدا ڕیز کراون. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پارێزەرەکەم لە جامی شوشەی لای چەپم پیاوکوژێک و لە جامی شوشەی لای ڕاستم سەرۆکی باندێکی مافیایی هەبوو. دەکرێت لە هەر جۆرە گرتووخانەیەکی جیهاندا پیاوکوژێک و سەرۆکی باندێکی مافیایی هەبێت بەڵام بۆ ئەوەی سێ کوچکەیەکی (پیاوکوژ – نووسەر – سەرۆکی مافیا) پێکەوە ببینیت پێویستە سەردانی هەندێک وڵاتی تایبەت بکەیت. بە دڵنیاییەوە دەکرێت لە شوێنی ئەو نووسەر خەڵکی دیکەی وەک: پارێزەرێکی چەپ، سیاسەتمەدارێکی کورد، ڕۆژنامەنووسێکی دیندار، بازرگانێک کە هەست بە بەرپرسیارێتی کۆمەڵگا بکات، خوێندکارێکی شۆڕشگێڕ هەبێت. هەموو ئەوانە ئەو سێ کوچکە سەرسوڕهێنەرە درووست دەکەن. هەموو ئەوانەش لە گرتووخانەی هەمان ئەو جۆرە وڵاتانەدا دەبینرێن.

“لە گرتووخانەکەماندا” ژمارەیەکی زۆر سەرۆکی باندی مافیایی هەبوو، کاتێک لە چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەر یاخود لە نۆرەی یاریدەدەری پزیشکی ناو زیندان یەکمان دەبینی سڵاومان لە یەک دەکرد، لە دوورەوە بە ئاماژە لە حاڵیانم دەپرسی. خۆی لە خۆیدا لە ناو گرتووخانەدا هەمووان سڵاویان لەیەک دەکرد. ئێمە تاوانی گەورەمان کردبوو وەک ئەوەی هەندێکمان پیاوی کوشتبوو، هەندێکمان شتمان نووسیبوو، لە کۆتاییدا ئێمە کۆمەڵە مرۆڤێک بووین کە لە شوێنێکدا کۆبووینەوە و هەمان چارەنووسمان هەبوو. هیچ کەسێک لە سڵاوکردن کەمتەرخەمی نەدەکرد. بەڵام پیاوکوژێک هەبوو کە کەس سڵاوی لێ نەدەکرد و ئەویش تەماشای هیچ کەسێکی نەدەکرد.

باوکم دەیوت خەڵکی بە شێوەیەکی گشتی بایەخ بە ئەدەبیاتی ناو گرتووخانەکان نادەن، جگە لە چەند شتێکی شاز ئەو تێڕوانینێکی ڕاستە بە ڕای من بەڵام دەستگیرکردنی ڕۆماننووسێک بە تۆمەتی ئەوەی “هانی کودەتاچییەکانی داوە” و سەپاندنی سزای زیندانی هەتاهەتایی و دواتر سزای زیندانی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ و نیو بە تۆمەتی پشتگیری کردن لە کودەتای سەربازی، دەبووە جێی سەرنج کە ئاخۆ ئەم بەسەرهاتە بەرەو کوێ دەڕوات.

دوای بەندبوونم بۆ ماوەی سێ ساڵ چوومە “دەرەوە”.

لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا کە لە دەرەوە بەسەرم برد، کاتێک تەماشای ڕووداوەکان و کاردانەوەکان و قسەکانی خەڵکیم دەکرد، هەستێکی وام بۆ درووستبوو کە ڕەنگە ژیان گوزارشت بێت لە گرتووخانەیەک لەگەڵ شێتخانەیەکدا.

ئادۆلۆژیایەکی نامۆ کە دەکرێت پێی بڵێین ‘لەمپەنیزم’ باس لەوە دەکات کە خەڵکی وا دەزانن لە دەرەوە ئازادبوون، بەڵام شێتییەک لەناو کۆمەڵگادا بڵاوبووەتەوە. ڕۆشنبیری لە کۆمەڵگادا ژێراوژوور کراوەتەوە، گەمژەترین و بێتواناترینەکان مافی زۆرترین قسەکردنییان پێ دەدرێت. زیرەکی، توانا، زانست، لێهاتوویی بە کەم تەماشا دەکرێت، پرسیاری “تۆ تا چ ڕادەیەک نیشتیمانەکەتت خۆشدەوێت” کە یەکێکە ترسناکترین پرسیارەکانی مرۆڤایەتی شوێنی هەموو مرۆڤێک لە کۆمەڵگەدا دیاری دەکات. هەمووان نیشتیمانییان زۆر خۆشدەویست، وەک شێت خۆشیان دەویست، تا ڕادەی مردن خۆشیان دەویست، بەڵگەی ئەوەش بریتییبوو لەوەی کە بە هاوارکردنەوە بڵێت نیشتیمانم زۆر خۆش دەوێت. دواتر دەسەڵات بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە کێ لە هەمووان زیاتر نیشتیمانی خۆشدەوێت.

لەو کێبڕکێ سەرسوڕکەرەدا شوێنی ئەوانە نابێتەوە کە عەقڵ و لۆژیکیان لەدەست نەداوە.

تەنها تانەیەکی لۆژیکیانە بەس بوو بۆ ئەوەی لەو کێبڕکێیە بکرێیتە دەرەوە. ئەدەبیات بە بچووک تەماشا دەکرا، توانا و لێهاتوویی بە بچووک تەماشا دەکرا، داهێنەری بە بچووک تەماشا دەکرا، ژیان بە بچووک تەماشا دەکرا، مردن بە گەورە تەماشا دەکرا، جەهالەت بە گەورە تەماشا دەکرا، ملکەچی بۆ دەسەڵات بە گەورە تەماشا دەکرا.

لە سەروو ئەوەشەوە لە هەموو شتێک مەترسیدارتر ئەوەیە کە ئەو شتە چووتە ئاستێکی نێودەوڵەتییەوە. لە زۆرێک لە وڵاتان پەرە بەو جۆرە بیرکردنەوەیە دەدرێت. ڕۆشنبیری و زیرەکی و لێهاتووی بەرەو دواوە دێت و تۆڵە سەندنەوە و دوژمنایەتی و توندوتیژی بەرەو پێش دەچێت. نووسەران، هونەرمەندان، زانایان، ڕۆشنبیران، لە ناو قەرەباڵخی کراس ڕەشەکاندا بەرەو سووچێک ڕاپیچ دەکران. نیشتیمان پێویستی بە سەرباز هەبوو نەک نووسەر. سەربازێک کە پرسیار ناکات و تانە ناگرێت و ملکەچی فەرمانەکانە.

هەروەک چۆن مرۆڤەکان لە هەموو شوێنێکی جیهاندا کەم تا زۆر لە یەک دەچن، بە هەمان شێوە نەتەوەپەرستەکانیش لە هەموو شوێنێکیدا جیهاندا کەم تا زۆر لە یەک دەچن. هەموویان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نەتەوەکەی ئەوان بە بەهاترین نەتەوە لە جیهاندا و هیچ کام لەوان هەرگیز ناپرسێت باشە چۆن دەکرێت هەموو ئەو نەتەوانە لە هەمان کاتدا بە بەهاترین نەتەوە بێت لە سەر زەویدا. پێم وایە گەمژەییە هاوبەشەکەیان بە نەپرسینی ئەو پرسیارە دەستپێ دەکات.

وەک نووسەرێکی بە تەمەنتر لە خوێنەرەکانی و بە پشتبەستن بە ئەزموونەکانم دەتوانم ئەوە بڵێم کە تاکە دژە ژەهری ئەم شێتییەی لە ئێستادا هەیە بریتییە پێداگری لەسەر گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەش لە دژی نەتەوەپەرستی. پێویستە هەموو ئەو کەسانەی تووڕەن لەو شێتییەی لە ئێستادا هەیە لەسەر هێڵێکی دژی نەتەوەپەرستی یەکبگرن و بە دەنگی بەرز لە وڵاتەکانی خۆیاندا هاوار بکەن کە نەتەوەپەرستی گەورەترین ژەهری دژی مرۆڤایەتییە و بە بیریان بهێننەوە کە هەر کۆمەڵگایەک لەو ژەهرە بخواتەوە بە دڵنیاییەوە نەخۆش دەکەوێت.

نەتەوەپەرستی وەک پەڵەیەکی چەوری بە هەموو جیهاندا بڵاو دەبێتەوە. بێتوانایی، نادادپەروەری، نەفرەت، ڕق و کینە، دوژمنایەتی، گەندەڵی خۆی لە پشتی پرسیاری ‘تا چ ڕادەیەک هاوسەرەکەتت خۆش دەوێت؟’ حەشار دەدات.

ئەوان لە هەموو شوێنێکدان.

لە هەندێک لە وڵاتان بە متمانە و بە شێوەیەکی زۆر توند ئەو پرسیارە دەکەن، لە هەندێک لە وڵاتانیش چاوەڕێی ئەو ڕۆژە دەکرێت کە بە ئاسوودەیی بتوانن ئەو پرسیارانە بکەن. نەتەوەپەرستی وەک هەورێک خۆی دەگەیەنێتە وڵاتان و زیاد دەکات و گەورە دەبێت.

تەماشای فیلمێکم کرد بە ناوی ‘لەسەر لمەکە’ کە باسی لە کۆمەڵێک مرۆڤ دەکرد کە چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی تیشکەکانی تەقاندنەوەی بۆمبێکی ئەتۆمییان دەکرد. ئەوان درووشمێکیان بەرز کردبووەوە کە لەسەری نووسرابوو “هێشتا کات ماوە”. لە کۆتایی فیلمەکەدا هەمووان مردن و تەنها درووشمەکە مایەوە.

ئەگەر تەماشای چواردەورتان بکەن، ئێوەش ئەو درووشمانە دەبینن.

“هێشتا کات ماوە”.

چەندێک کات ماوە؟

نووسەران، هونەرمەندان، ڕۆشنبیران، زانایان و بە تایبەت یاساناسان، ئەگەر لە ئێستادا کە “‌هێشتا کات ماوە” هەڵوێستێکی هاوبەشییان لە بەرامبەر ئەم هێرشی نەتەوەپەرستییەدا نەبێت، شەپۆلی نەتەوەپەرستی بە هەموو شوێنێک دەگات، و هیچ شوێنێک بە پارێزراوی لە دەستی ڕزگار نابێت.

لە هەموو وڵاتێکی جیهاندا جامی شوشە هەیە.

دەکرێت لە لایەک پیاوکوژێک و لە لایەکی دیکە سەرۆکی باندێکی مافییای هەبێت. تەماشای جامەکەی ناوەڕاست بکەن. لە خۆتان بپرسن باشترین ڕێگە چییە بۆ ئەوەی نووسەرێک لەوێدا نەبینن. لە هەندێک لە سەردەمەکاندا لە جامە شووشەکەی ناوەڕاستدا تەنها نووسەرێک نییە، بەڵکو دەکرێت هەموو جۆرە مرۆڤێکی ڕاستگۆ کە بەرەنگاری نەتەوەپەرستی بووەتەوە لەوێدا دابنیشێت.

ڕووناکبیرانی فەڕەنسا لەگەڵ ڕووناکبیرانی زۆرێک لە وڵاتانی دیکە زۆر هاوکاری منییان کرد. ئەمە نووسینێکە بۆ ئەوان هەم وەک سووپاسنامەیەک و هەم بۆ بیرهێنانەوەی ئەو کارانەی پێویستە ئەنجامی بدەین بۆ ئەوەی جارێکی تر پێویستمان بە هاوکاری نەمێنێت.

هێشتا کات ماوە.

لەبەر ئەوە پێویستە بە باشی بەکاری بهێنین. بۆ ئەوەی تەنها ئەو درووشمە نەمێنێتەوە.

1282 جار بینراوە 5 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

x

هەواڵی پەیوەندیدار

پیاوێکی هیندی دوای ئەوەی کە وا دەزانن مردووە، زیاد لە ٢٤ کاتژمێر لە ناو فرێزەردا دەژی دواتر گیان لە دەستد دەدات

پیاوێک دوای ئەوەی کە پزیشکەکانی نەخۆشخانە وا دەزانن مردووە دەینێرنەوە ماڵەوە لە ...