بەپەلە

ڕووناکییەکان دەمرن، بەتەنهام…

نوسینی: حەسەن جەمال

 

حەسەن جەمال نووسەر و ڕۆژنامەنووسی دیاری تورکیا، کاتێک نزیکترین هاوڕێی کە ئەحمەد ئاڵتان نووسەر و ڕۆژنامەنووسی دیاری تورکیایە تەنها هەفتەیەک دوای ئازادکردنی بڕیاری دەستگیر کردنی بۆ دەرچووەوە و بۆی دەرکەوت کە خۆشی قەدەغەی گەشتی دەرەوەی وڵاتی لێ قەدەغە کراوە، لە دوایین وتاریدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تورکیا لە ژێر ڕژێمی تاکە کەسیدا بەردەوامە لە هاوار و ناڵە. ئەمەش دەقی وتارەکەی حەسەن جەمالە:

ڕووناکییەکان دەمرن، بەتەنهام!

لەم ڕۆژانەدا هیچ دڵخۆش نیم… چونکە زۆر دوورە لەو کاتانەی هێزی گەورەی دادپەروەری سەردەکەوێت…

دڵخۆش نیم.

ناو بە ناو غەم بەسەر ناخمدا زاڵ دەبێت.

پێشتر ئەوە زۆر بە کەمی ڕووی دەدا.

ئاخۆ ئەگەر بتوانم کات بەرەو دواوە بگێڕمەوە، دەتوانم لە غەم ڕزگارم ببێت؟

گەیشتوومەتە تەمەنێکی وەها کە بەبیرهاتنەوەش کارێکی ئاسان نییە.

چونکە بیرکەوتنەوەش ئازارت پێ دەبەخشێت…

تەمەنێکی ٧٥ ساڵی منی گەیاند بەم وێستگەی غەمە و بەجێیهێشتم.

دەکرێت ئەو وێستگەیە ناوبنێین لەدەستدانیش…؟

هەندێک جار دەمەوێت لە خۆم هەڵبێم.

بەڵام ئەوە ناکرێت.

یاخود بە درێژایی ژیانم بە پێچەوانەی شەپۆلەکانەوە سەوڵم لێداوە؟

نازانم.

 

ڕووناکییەکان دەمرن، بەتەنهام!

 

ڕۆماننووسێکی ئەڵمانی لە ساڵی ١٩٣٠ دا کاتێک بڕیاریدا لە دەست هیتلەر هەڵبێت و ژیانی غەریبایەتی هەڵبژێرێت، وتی…

کاتە باشەکان لە مەملەکەتی مندا کۆتایی هات، کاتە خراپەکان دەستییان پێکرد.

ڕەنگە هیچ کاتێکیش لە کاتێکی باشدا نەژیابین.

ئەمڕۆش بەو کاتانەدا تێدەپەڕین کە ژیان لەگەڵ ئێمەدا نییە.

تاریکییەکە کە خەریکە کوێرمان دەکات…

پرسیارێکی دیکەش:

یاخود مێژوو دیسان ئێمە تووشی سەرسوڕمان دەکات؟

ژیان چەند خێرایە و چەند زۆر شتی چاوەڕوان نەکراوی تێدایە.

 

لەبەر خۆیەوە وتی ژیان تەنها خەونێکە.

ئاخۆ ڕستەیەکی لەو شێوەیەی کەی بەرگوێ کەوتبێت، یاخود خوێندبێتییەوە؟

یاخود بۆچی کەوتبووە مێشکییەوە؟

(ترسی گیا وشکەکان، جیۆرجیۆ باسانی)

 

بگۆڕێ و سەرلەنوێ دەست بە ژیان بکەرەوە!

دوای ٧٥ ساڵ؟…

ناڕەحەت دەبم لە گەڕان بە دوای شوێنێک بتوانم هەناسەی لێ بدەم.

لە ناخەوە ناشمەوێت بنووسم.

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەمتر دەنووسم.

چاپکردنی کۆتا کتێبم – چواردەهەمین – بۆ ماوەی ساڵێک زیاتر دواکەوتووە.

بەڵام بۆم دەرکەوت کە نووسین منی بە پێوە ڕاگرتووە.

تا ئەمڕۆش هەر بەو شێوەیە بووە.

نووسین منی بە پێوە ڕاگرتووە.

نووسین منی ئازاد کردووە.

بەڵام لەم ڕۆژانەدا لە ناخەوە نامەوێت بنووسم.

ڕەنگە من لە دونیایەکی دیکەدا بم.

چونکە من لە جیهانی ئەو کەسانەدا دەژیم کە لەبەر دوو ڕستە نووسین، تەنها لەبەر دوو ڕستە ڕەخنە لە دەسەڵات تەواوی ژیانیان لە گرتووخانەکاندا بەسەر دەبەن…

بەو هۆیەوە هەست بە شەرمەزاری دەکەم.

هەست دەکەم خەریکە دەخنکێم.

ستیفان زویگ سەبارەت بە ئەڵمانیاکەی هیتلەر ئەم وتانەی هەیە کە ئازار بە ناخم دەگەیەنێت:

ئەو مرۆڤانەی باوەڕیان بەوە هەیە کە لە یەکێک لە ڕۆژەکاندا دەسەڵاتە بەهێزەکەی دادپەروەری سەردەکەوێت و دونیایەکی نوێی پڕ لە ئاشتی لەدایک دەبێت، ئەو باوەڕەیان لەدەست نەداوە؟

ئێمە:

ئەوەندە تووشی نائومیدی بووین کە،

ناتوانین بە جۆش و خرۆشەوە ئومێدی داهاتووییەکی نوێ بکەین.

دڵخۆش نیم لەم ڕۆژانەدا.

لەم ڕۆژانەدا هیچ دڵخۆش نیم… چونکە زۆر دوورە لەو کاتانەی هێزی گەورەی دادپەروەری سەردەکەوێت…

1314 جار بینراوە 5 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

x

هەواڵی پەیوەندیدار

لەبەر ئەوەی لە ئەوروپا داواکەیان ڕەت کرایەوە خێزانێکی سوری منداڵە ١٤ ساڵەکەیان خۆی کوشت

خێزانێکی سوری دوای ئەوەی لە سوریاوە بەرەو وڵاتی هۆڵەندا بەڕێ دەکەون و ...