بەپەلە

ڕۆبۆسکی لەیاد مەکە، مەهێڵە لە یاد بچێت!

لە ڕۆژمێرەکەمەوە،

ڕۆبۆسکی، کۆتاییەکانی مانگی نیسانی ٢٠١٣

کەشوهەوایەکی بەربادە، باران بە لێزمە دەبارێت.

لە نێوان چیا پڕ لە تەمەکانەوە وەک مار بە خۆخشاندن بەرەو سنوورەکانی عێراق دادەبەزین، بەرەو ڕۆبۆسکی…

خانوویەکی لادێ لە ناوەڕاستی باخچەیەکی پڕ لە دار.

فەرش و کومبار ڕاخرابوو، پێڵاوەکانمان داکەند و چووینە ژوورەوە دانیشتین.

چاوەڕێی دایکانمان دەکرد.

هەموو شتێک وەک ئەوەبوو کە پێشبینیم دەکرد… دایکان بە وێنە لە چوارچێوە نراوەکانی ڕۆڵەکانییانەوە هاتنە ژوورەوە.

بە بێ دەنگی لە دەورمان دانیشتن، هەموویان بەساڵاچوو بوون.

ئازار و ناڕەحەتی لە ڕووخساریان دەباری، کەشێکی زۆر غەمگین بوو.

وەک ئەوە بوو ئەو شتانە بزانم کە ڕوو دەدات، شانۆیەک لەبەرچاومدا درووستبوو کە دەمزانی. دەمزانی لەبەر ئەوەی ئەوەندە ڕیپۆرتاژم لەسەر ڕۆبۆسکی خوێندبووەوە کە ڕووخساری زۆرێک لەوانەی هاتنە ژوورەوە ئاشنابوون بۆم.

کاتی قسەکردن هات، دەشمزانی چی دەڵێن…

کاتێک دایکان یەک بە یەک دەستیان بە قسە کرد ئازارێکی وەها لە ناخمدا درووستبوو کە چاوەڕێم نەدەکرد. ئازارەکان بە شێوەیەک لە ناخی دڵیانەوە دەهاتە دەرەوە بە تەواوی کاریگەری لەسەر درووست دەکردیت…

ئەو دایکانە هەم لە بەرامبەر ئازاری لەدەستدانی ڕۆڵەکانیان و هەم لە بەرامبەر ئەو ناحەقی و نادادپەروەرییەی بەرامبەریان کرابوو سەریان بەرز بوو…

منداڵە بێتاوانەکانی ئەم دایکانە، ٣٤ گیانی ڕێک، لە بەرواری  ٢٨ ی کانوونی یەکەم، لەو نیوە شەوە بێ خێرەدا لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە پارچە پارچە کران… بەڵام تا ئێستا ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاشکرا نەکراون، بەرپرسان نەدۆزراونەتەوە، تەنانەت حکومەت داوای لێبوردنێکیش بە زۆر دەزانێت بۆ ئەو دایکانە…

حکومەت تا ئەمڕۆ خۆی دەدزێتەوە لە داوای لێبوردن لەو دایکانە…

دایکێک وتی:

تا ئەو کاتەی دادپەروەری لە کارەساتی ڕۆبۆسکیدا جێبەجێ نەکرێت هیچ کەسێک باسی ئاشتی نەکات.

دایکێکی دیکە وتی:

با ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بدۆزرێنەوە ئەوکات باوەڕ بە ئاشتی دەکەین.

دایکێ دیکە وتی:

تا ئەو کاتەی دەوڵەت داوای لێبوردنمان لێ نەکات نە کارگەمان دەوێت نە شوێنی کار.

باوکێک وتی:

تا ئێستا تەنانەت یەک کەسیش نەدراوە بە دادگا. ئەمە لە کاتێکدا ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاشكران، بەرپرسان ئاشکران، حکومەت زۆر بە جوانی ئەو ڕاستییە دەزانێت، ڕاپۆرتەکەی پەرلەمان لەسەر ڕۆبۆسکی جێی شەرمەزارییە.

دایکێک لە تەتیشتمەوە وتی:

ئەگەر سەد ساڵیش بڕوات، ئەگەر هەزار ساڵیش بڕوات، ئەو کۆمەڵکوژییەی بەسەرماندا هات لەبیرناکەین.

123 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

x

هەواڵی پەیوەندیدار

‘سێ جامی شوشە’

نووسینێکی ئەحمەد ئاڵتان پێش ئەوەی دووبارە دەستگیر بکرێتەوە لە گرتووخانەکاندا چاوپێکەوتن لەگەڵ ...