
ئەڵمانیا ڕایگەیاند، کە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کراوە، کە تورکیاش دەگرێتەوە، بۆ ئەوەی لە گەشتە نوێیەکانی کۆچکردن کە لە بێلاروسەوە سەرچاوەی گرتووە سنورێک دابنێن، گەشتەکان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ بێلاروس لەژێر چاودێریدان.
ئەڵمانیا بە هۆی گەشتی ئەم دواییەی پەناخوازان لە بێلاروسەوە، ڕێوشوێنی دژ بە پەناخوازان گرتووەتە بەر. لەو چوارچێوەیەدا باس لەوە کراوە کە بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی ئاسمانی پەناخوازان لە ناوچە قەیراناوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بێلاروس، گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی جۆراوجۆر دەکرێت، لەوانەش تورکیا.
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی دەرەوە سەرکەوتوو بووە و حکومەتی عێراق بەڵێنی داوە هاوکاری بکات دژی گواستنەوەی پەناخوازان. هەروەها هەندێک هێڵی ئاسمانی بەڵێنی هاوکاریان داوە، بەڵام هاوکات هێڵی ئاسمانی نوێ و بچووکتر سەریان هەڵداوە”.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا وتی کە بە وردی چاودێری دەکات کە لە جیاتی بڕینی ڕێگاکان کام ڕێڕەوەکان بەکارهێنراون لەگەڵ ئەوەشدا گەشتیش هەیە لە تورکیا و ئیماراتەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کۆمپانیا هەیە کە “گەشتی یەک لایەنە” بە تایبەتی لە وڵاتانی وەک عێراق دەفرۆشن.
سزاکان درێژ بکرێنەوە بۆ کۆمپانیاکانی دەرەوەی بێلاروس
وەزارەتی دەرەوە دەڵێت کاردەکات بۆ درێژکردنەوەی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا دژ بە بێلاروس بۆ لەخۆگرتنی هێڵی ئاسمانی یان کۆمپانیاکانی گەشت جگە لە بێلاروس کە هاوکاری قاچاخچییەکان دەکەن.
لە ئەڵمانیا پۆلیسی سنوور ڕایگەیاند، لە سێ هەفتەی یەکەمی مانگی تشرینی یەکەمدا، 3 هەزار و 751 کۆچبەری نایاسایی لە بێلاروسەوە چوونەتە ناو ئەڵمانیاوە. بەم شێوەیە، ژمارەی چوونەناوەوەی نایاسایی بۆ ئەڵمانیا لە بێلاروسەوە، ئەمساڵ بۆ 6 هەزار و 162 زیادی کردووە.
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ئەوەشی خستەڕوو، کە زۆرینەی چوونەژوورەوەکان بۆ ئەڵمانیا لە سنووری پۆڵەنداوە بوون و ئاماژە بەوە دەکەن کە تا ئێستا ئەو ڕەوتە خاو نەبووەتەوە.