بەپەلە

ئەحمەد ئاڵتان: تووشی بێئومێدی مەبن! خۆ لە توورێک زیاتر بێئومێد نابن…

ئەحمەد ئاڵتان نووسەر و ڕۆژنامەنووسی دیاری تورکیا کە لە ئێستادا بە هۆی نووسینەکانییەوە لە لایەن حکومەتی تورکیا خراوەتە زیندانەوە، نووسینێکی سەبارەت بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا  و درووستکردنی بێئومێدی لەناو خەڵکیدا نووسیوە و لە لایەن ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکییەوە بڵاوکرایەوە.

دەقی نووسینەکەی ئەحمەد ئاڵتان بەم شێوەیەیە:

“توورێک کە بتوانێت لە پەرداخێکی کاغەزدا گوڵ دەربکات، کەواتە بەساڵاچووییەکی ناو زیندانیش دەتوانێت گەشبین بێت”…

 

ئەحمەد ئاڵتان

بەندبوون لە گرتووخانەیەکدا لە ڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆدا کە خەڵکی لە ماڵەکانی خۆیاندا بەندکراون، هەستێکی وا لای مرۆڤ درووست دەکات کە لە ناو ئاکڤاریۆمێکدا لە ژێر دەریادا دانیشتبێت. دوای ئەوەی ٢٤ کاتژمێر ئێمە لە “کەرەنتین” دەمێنینەوە، لەو ڕۆژنامانەی دوای ڕۆژێک دەیبینین و لە چەند کەناڵێکی سنوورداری تەلەڤیزیۆنەوە دەتانبینم تووشی شڵەژاوییەکی کوشندە بوون. من تەمەنم ٧٠ ساڵە و لە زینداندام. وەک کەسێک کە لە بنی دەریادا دانیشتبێت و لە زۆربەتان باشتر دەزانم لە ئامانجی مەرگدام، دەمەوێت ئەمەتان پێ بڵێم:

تووشی بێئومێدی مەبن. وەک بومەلەرزەیەکی بەهێز تەواوی ژیانی لەرزاند. ئەو لەرزینە بەڵێنی داهاتووییەکی پڕ لە ئومێد بە ئێمە دەدات.

لە ئێستادا هەست بەو مەترسییە گەورەیە دەکەم. وەک ملیاران ئاسک کە ناچارن بە ڕووبارێکی پڕ لە تیمساحدا تێپەڕن، بە شێوەیەکی شێتانە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دەدەین ژیانمان ڕزگار بکەین و لەو ئاوە لێڵە بپەڕینەوە. ئەو وێنەیەی دەبینرێت تەواو لە وێنەی دۆزەخ دەچێت. بەڵام دوای چوار پێنج مانگ ئەم کارەساتە کۆتایی دێت و مێژووی مرۆڤایەتی دەچێتە قۆناغێکی نوێوە و دەگاتە خاکە بەپیتەکان.

لەم هەسارە سەیرەدا کە بە خێرایی ١٠٠ هەزار کیلۆمەتر دەخولێتەوە و پێی دەڵێین دونیا شتەکان بەم شێوەیەیە. تەنها بە تێپەڕبوون بە کارەساتەکاندا دەتوانیت بگەیتە هەلومەرجێکی باشتر. بە برینداربوون بە جەنگەکان و پەتاکان دەتوانیت بەرەوپێش بڕۆیت.

ئەم کارەساتە چەندین ڕاستی پیشانداین کە زۆر لەمێژە ئێمە خۆمانی لێ گێل دەکەین و پیشانیداین کە پێویستە بەرەو کوێ بەرەو پێش بڕۆین. من پێم وایە سەدەی ٢١ لە دوای ئەم پەتایەوە دەستپێدەکات. ڕەنگە بە ڕواڵەت وادەربکەوێت کە ئەم پەتایە بۆ ماوەیەکی کەم بەرەو دواوە بمانگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەوەش زۆر ناخایەنێت.

پێش هەموو شتێک ئێمە لە کاتی ئەم پەتایەدا بینیمان ئەو شتەی پێی دەوترێت “دەوڵەت” سوودێکی ئەوتۆی نییە. وادەردەکەوێت ئەو پێکهاتەی دەوڵەتەی ئەمڕۆ هەیە تەمەنی تەواوبووبێت. خۆی لە خۆیدا بەردەوامبوونی پێکهاتەیەکی بەڕێوەبردن لە سەردەمی نامەبەرییەوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان پێچەوانەی یاساکانی سرووشتە. دەوڵەتەکان ڕێگرن لە بەردەم بەرەوپێشچوونی مرۆڤایەتی. بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەو شێوەیە لە سایەی ئەو هەڵانەوە بوو کە دەوڵەتەکان و بەرپرسەکان بە هۆی “خواستییان بۆ دەسەڵات” ئەنجامیاندا. ئەگەر چین لە سەرەتاوە درۆی نەکردایە، بەرپرسانی دەوڵەتەکانی دیکە ئەوەندە پشتگوێیان نەخستایە، کارەساتەکە نەدەگەیشتە ئەم ئاستەی ئێستا.

من پێم وایە لە داهاتوودا کە ڕەنگە زۆر دووریش نەبێت، دونیا بگۆڕێت بۆ فیدراسیۆنێک کە لە “دەوڵەتی شارەکان” پێکبێت، وە تێدەگات لەوەی پێویستە بەو شێوەیە بگۆڕێت. دەوڵەتەکان، سنوورەکان، ئاڵاکان، “لە کارەساتە هاوبەشەکاندا” دژی مرۆڤایەتی کاردەکەن، ئەوەمان بە ئاشكرا لە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا بینی.

ڕاستییەکی دیکەشمان بینی: توانای بردنەوە لە هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ توانای بەڕێوەبردنی وڵات دوو توانای زۆر لە یەکتر جیاوازن. تەنانەت دوو توانان کە زۆر دژی یەکن. بە شێوەیەکی گشتی ئەو کەسانەی زۆرترین درۆ دەکەن و زۆرترین حەماسەتییان هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا سەردەکەون. ئەوانەش ناتوانن بە شێوەیەکی ژیرانە وڵات بەڕێوە ببەن. لەم کارەساتەدا زۆر بە ڕوونی چەندین نموونەی ئەوەمان بینی.

ئەم گرێ کوێرە گەورەیەی دیموکراسیش چارەسەرێکی هەیە. بەڕێوەبردنی دەوڵەتەکان یاخود ئەو دەوڵەتی شارانەی پێم وایە درووست دەبێت، وەک یانەیەکی وەرزشی. لە یانە وەرزشییەکاندا دەستەیەکی بەڕێوەبردن هەڵدەبژێردرێت بەڵام یانەکە لە لایەن تیمێکی پرۆفیشناڵەوە بەڕێوەدەبرێت. یانەیەکی ئینگلیزی لە لایەن کەسێکی ئایسلەندی، یانەیەکی تورکی لە لایەن کەسێکی ڕۆمانی، یانەیەکی کۆریای باشور لە لایەن کەسێکی ئەڵمانییەوە بۆ یارییەکان ئامادە دەکرێت. بە ناچاری دەچینە قۆناغێکی نوێوە کە تێیدا شارەکان و دەوڵەتەکان لە لایەن “ڕاهێنەرە تەکنیکییەکان” لە نەتەوە جیاوازەکان، لە ڕێگەی گرێبەستی ساڵانەوە بەڕێوە ببرێت. من باوەڕم وایە کە ئەم پەتایە ئامادەکاری دەکات بۆ گۆڕانکاری لەو شێوەیە.

پەراوەی یەکێک لە گەورەترین گۆڕانکارییەکانی مێژوومان لە ڕێگەی ئەم کارەساتەوە بینی. کاتێک مرۆڤەکانی بە بێچارەیی لە ماڵەکانییاندا مانەوە، مرۆڤ ناچاربوو لە “زنجیری بەرهەمهێنان” بکشێتەوە. لە سایەی ئینتەرنێتەوە پشتیوانی زیهنی مرۆڤ بۆ بەرهەمهێنان زیادی کردووە بەڵام پشتیوانی فیزیکی کەمی کردووە. لە سەدەی بیست و یەکدا مرۆڤەکان لە ڕێگەی جەستەیانەوە کار ناکەن. پێویستمان بەوە دەبێت سیستەمێکی نوێی ئابووری دابهێنین، بە تێپەڕبوونی کات بۆمان دەردەکەوێت کە ئەوە ناچارییەکە و ناکرێت خۆمانی لێ لابدەین. بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو مرۆڤانەی هێندە پارەیان هەیە ناتوانن خەرجی بکەن لەگەڵ ئەو مرۆڤانەی بێپارەن و بێ پشتیوانن دەتوانن هەمان کارەساتی هاوبەش درووست بکەن. ئەگەر نەتوانیت کاسبکارێک لە چین ڕزگار بکەیت ناشتوانیت سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕزگار بکەیت. سەرلەنوێ بە درووشمی سێ شۆڕشگێڕەکە ئاشنادەبینەوە کە دەڵێن: “یەکێکمان بۆ هەموومان، هەموومان بۆ یەکێکمان”.

بە ڕای من ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی بیروبۆچوونمان گۆڕانی گەورەی بەسەردا بێت. ئەگەر بتەوێت خۆت بپارێزیت ئەوا دەبێت کەسی بەرامبەریشت بپارێزیت. ئەگەر خۆپەرستی بکەیت ئەوا دەمریت. ئەم پەتایە بە کوشتن ئەمە فێری ئێمە دەکات. ئەگەر نەتوانیت کاسبکارێکی چین بپارێزیت ئەوا ناتوانیت خۆشت بپارێزیت! ئەمە یەکەم قۆناغی ئەو سیستەمە نوێیەیە کە تێیدا پرد لەسەر چاڵی نێوان مرۆڤ و مرۆڤایەتی درووست دەکرێت.

گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە لە بیروبۆچوونماندا دەبێتە هۆی گۆڕینی هەموو پەیوەندی و تێڕوانینەکانمان. پێویستە جۆرێکی نوێ لە مرۆڤ لە ناخماندا لەدایک ببێت کە تێڕوانینی “خراپە کردن لەگەڵ کەسانی دیکە خراپە کردنە لەگەڵ خۆت” هەڵبگرێت. ئایا دەتوانن بیر لەوە بکەنەوە کە ئەوە چ جۆرە گۆڕانکارییەکی نوێ درووست دەکات؟

ڕەنگە بۆ یەکەمجار مرۆڤەکان لە ئەنجامی ئەم پەتایەوە ببنە خاوەن تێڕوانینێکی وەها کە: ئەوان بەشێکن لەو ڕێچکەیەی پێی دەوترێت مرۆڤایەتی، جیاوازییەکانی وڵات، ئایین، زمان، ڕەچەڵەک هیچ واتایەکی نەماوە، بەلەمەوانێکی کەمبۆدی و سەرۆکی ئەمریکا، دەوڵەمەندێکی فەڕەنسی و بەقاڵێکی تورک، خانەدانێکی ئیتاڵی و پلە نزمێکی هندی ڕووبەڕووی هەمان ترس و بێچارەیی دەبنەوە.

ئەم ڤایرۆسە تەنها کەسانی بەساڵاچووی وەک من نا، بەڵکو تەواوی بیروباوەڕ، تێڕوانین، بۆچوون و پێکهاتە بەساڵاچووەکان دەڕوخێنێت.

بە ئازارەوە لە کەنارێک دەپەڕینەوە کە تێیدا دونیایەکی نوێ و لەوەش گرنگتر مرۆڤێکی نوێ درووست دەبێت.

لە ناوەڕاستی ئەم لەرزینە گەورەیەی ئێستا هەیە من گەشبینم سەبارەت بە داهاتوو. ئەو شتانەی من دەیڵێم یوتۆپیایەک نییە. گەشبینی کەسێکی گەمژەش نییە. من باوەڕم وایە کە ئەو شتانەی دەیڵێم دێنە دی و دەشزانم کە من ناتوانم بەدیهاتنی ئەوانە ببینم. من لە کاتێکدا ئەمانە دەنووسم کە لە زیندانێکی تاکەکەسیدا لەنێو گرتووخانەیەک چاوەڕوانی هێرشی خێرای ئەم پەتایە دەکەم کە کەسانی بەساڵاچووی وەک من دەکوژێت. من بۆ خۆم گەشبین نیم بەڵکو بۆ ئەو مرۆڤایەتییە گەشبینم کە خۆم بەشێکم لێی.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا، سەرپەرشتیارانی گرتووخانەکە لە ژەمی نیوەڕۆدا لەگەڵ خواردنەکەدا توورێکیان بە ئێمە دا. هاوڕێکەم لەناو زیندان توورەکەی خستە ناو پەرداخێکی کاغەزەوە و لەسەر پەنجەرەکە داینا. توورەکەدا لەوێدا دەستیکرد بە خراپبوون و لەناوچوون. لە ماوەی ڕابردوودا لەناو توورەکەوە خونچەیەکی سەوز دەرکەوت. خونچەکە درێژ بووەوە. لە نووکی خونچەکەدا گوڵێکی سپی بچوک کرایەوە. هەموو بەیانییەک کە هەڵدەستم تەماشای ئەو گوڵانە دەکەم. شاهێدی ئەو کڵێشە ناوازەیە دەبم: توورێک هەم دەمرێت و هەم لەدایک دەبێت. توورێکی داماو لە مەرگی خۆیەوە کۆمەڵێک گوڵی نوێ بەرهەم دەهێنێت. لەکاتی مردنیشدا گەشبینی خۆی لەدەست نادات و هەوڵ دەدات بۆ داهاتوو بکشێت.

ڕەنگە کاتێک ئێوە ئەم نووسینەی من بخوێننەوە من نەخۆش کەوتبێتم.

بەڵام چ جیاوازییەکی هەیە؟

توورێک کە بتوانێت لە پەرداخێکی کاغەزدا گوڵ دەربکات، کەواتە بەساڵاچووییەکی ناو زیندانیش دەتوانێت گەشبین بێت.

خۆ لە توورێک زیاتر بێئومێد نابین…

143 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

x

هەواڵی پەیوەندیدار

‘سێ جامی شوشە’

نووسینێکی ئەحمەد ئاڵتان پێش ئەوەی دووبارە دەستگیر بکرێتەوە لە گرتووخانەکاندا چاوپێکەوتن لەگەڵ ...