
ڤلادمێر پۆتین سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە وڵاتەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە قەیرانی کۆچبەرانەوە نییە کە لە ئێستادا لەسەر سنوورەکانی نێوان بیلاڕوس و پۆڵەندا درووست بووە.
پۆتین لەمیانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی ڕووسیا ٢٤، باسی لە قەیرانی کۆچبەران لەسەر سنوورەکانی نێوان بیلاڕوس و پۆڵەندا کرد و وتی “ڕووسیا هیچ پەیوەندییەکی بە قەیرانی کۆچبەرانەوە نییە کە لە ئێستادا لەسەر سنوورەکانی نێوان بیلاڕوس و پۆڵەندا درووست بووە. هیچ کۆمپانیایەکی هێڵی ئاسمانی ڕووسی ئەو پەنابەرانەی نەگواستووەتەوە بۆ ئەو شوێنە”.
پۆتین لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هەریەک لە ئالێکساندەر لوکاشینکۆ سەرۆکی کۆماری بیلاڕوس و ئەنگێلا مێرکڵ سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا ئامادەن بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ یەکدا بکەن و وتی “ئومێدەوارم ئەو کۆبوونەوەیە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجام بدرێت. ئەو کۆبوونەوەیە زۆر گرنگە بەڵام کۆچبەران هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی ساتێک زووتر بگەنە ئەڵمانیا”.
پۆتین سەبارەت بە ڕەوشی کۆچبەرانی سەر سنوورەکانی بیلاڕوس وتی: “لێرەدا باس لە ژیان مرۆڤ دەکەین. کاتێک تەماشای ڕووداوەکان دەکەم لە هەموو شت زیاتر بۆ منداڵەکان نیگەران دەبم. هێزەکانی پۆڵەندا زۆر بە خراپی مامەڵە لەگەڵ کۆچبەرەکاندا دەکەن. لە نێو ئەو کۆچبەراندا ژنی دووگیان و منداڵ هەن”.