
ڤلادمێر پۆتین، سەرۆکی ڕووسیا، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە فراوانکردنی ژێرخانی سەربازی هاوپەیمانێتی ناتۆ لەسەر خاکی ئۆکرانیا “هێڵی سوورە” بۆ ڕووسیا و وتی “ئەگەر سیستەمەکانی هێرشکردن لەسەر خاکی ئۆکرانیا جێگیر بکرێت، ئەوا ماوەی فڕینی موشەکەکان هەتا مۆسکۆ تەنها ٧ خولەک دەبێت. درووستکردنی ئەو جۆرە هەڕەشانە بۆ سەر ڕووسیا هێڵی سوورە و ئومێدەوارم دۆخەکە بەوە نەگات”.
پۆتین لەمیانەی بەشداری کردنی لە چالاکییەک بە ناوی “ڕووسیا داوا دەکات”، کە لە شاری مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا ئەنجامدرا، وتارێکی پێشکەشکرد و باسی لەو دەنگۆیانە کرد کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ڕووسیا بەنیازی ئەنجامدانی هێرشی سەربازییە بۆ سەر ئۆکرانیا.
پۆتین سەبارەت بەو دەنگۆیانە وتی “ئەوان دەیانوت ڕووسیا لە سەرەتای ٢٠٢١ دا بەنیازە هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا، بەڵام هیچ هێرشێک ڕووی نەدا. لە ڕابردوودا لەگەڵ ناتۆ وەک هاوپەیمان بووین بەڵام سەرەڕای هەموو تکا و داواکارییەکانمان ئەوان بەردەوامن لە فراوانبوون بەرەو سنوورەکانمان. درووستکردنی بنکەی سەربازی لە پۆڵەندا ڕۆمانیا هەڕەشەیە بۆ سەر خاکی ڕووسیا. ئەگەر سیستەمەکانی هێرشکردن لەسەر خاکی ئۆکرانیا جێگیر بکرێت، ئەوا ماوەی فڕینی موشەکەکان هەتا مۆسکۆ تەنها ٧ خولەک دەبێت. ئەوکات ئێمەش ناچار دەبین شتێکی نوێ لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا درووست بکەین. درووستکردنی ئەو جۆرە هەڕەشانە بۆ سەر ڕووسیا هێڵی سوورە و ئومێدەوارم دۆخەکە بەوە نەگات”.