هەریەکە لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هەوڵەکانی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی عێراق و ناوچەکەیان رەتکردەوە و جەختیان لە گرنگی پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان کردەوە.
نوسینگەی کازمی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆکی ئەمریکاوە پێگەیشتووە و تیایدا پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کردووە و دۆخی عێراق و ناوچەکە و چەند پرسێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی گرنگ باسیان لێوەکراوە.
راگەیەندراوەکە باسی لەوەشکردووە لە گفتوگۆکەدا ‘باسیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکانی بەغدا و واشنتۆن کردووە لە سەرجەم بوارەکاندا بە تایبەت لە بوارەکانی ئابووری و ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر’.
هەروەها بابەتی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات جەختی لێکراوەتەوە وجەخت لە پاراستنی نێردە دیپلۆماتییەکانی عێراق کراوەتەوە.