بەپەلە

دانپێدانانی سەربازێکی منداڵی میلیشیاکانی سوریا: تورکیا دەماننێرێت بۆ هەر شوێنێک کە بیەوێت

فەجر مالیکی سەربازێکی منداڵی سوپای نیشتیمانی سوریایە، کە هەر لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە پەیوەندی کردووە بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریاوە. فەجر مالیکی باس لە چۆنێتی پەیوەندی کردنی بە سوپای نیشتمانی سوریاوە دەکات کە ئەو گرووپە چەکدارە لە لایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت. فەجر باس لە ڕووداوەکانی وەک دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی خەڵکی، دەستدرێژی و بەکارهێنانی خراپی منداڵان و تاڵانییەکان دەکات کە لە لایەن هێزە میلیشیاکانەوە ئەنجام دەدرێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چیتر “ئامانجی شۆرش” لە سوریادا بوونی نەماوە.

فەجر مالیکی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی (North press Agency) ئەنجامدا و باسی لە هەموو ئەو ڕووداوانە کرد کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە ڕیزی گرووپە میلیشیاکاندا بینویەتی.

فەجر مالیکی دەڵێت: “سوپای نیشتیمانی سوریا، لە ڕاستیدا سوپای سوریای نییە، بەڵکو سوپایەکی سەر بە تورکیا و تورکیا بۆ هەر شوێنێکی بوێت دەینێرێت. ئێردۆغان بۆ هەر شوێنێک بیەوێت وەک لیبیا و ئازەربایجان ئێمە دەنێرێت. لە ئێستادا لە نێو یەکەکاندا دەنگۆی ئەوە لە ئارادا هەیە کە سەربازە منداڵەکان دەنێرن بۆ شوێنەکانی دیکە بۆ شەڕکردن. ئەم نەوەیەی ئێستا هەن کە لە کاتی دەستپێکردنی جەنگی سوریا منداڵی ساوا بوون، نەیانتوانی فێری خوێندنەوە و نووسین بن و بە جاهیلی مانەوە. ئەگەر بڵێم ئەو منداڵانە وەک کۆیلە لە لایەن تورکیاوە بەکاردەهێندرێن هیچ زیادەڕەوی تێدا نییە.’

فەجر مالیکی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لە پێناو مانەوە لە ژیاندا و پارێزگاری کردن لە خانەوادەکەی ناچاربووە بچێتە ڕیزەکانی گروپە میلیشیاکانەوە و ناچاربووە لە چەندین بەرەی جیاوازی شەڕدا بجەنگێت و دەڵێت: “ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ ساڵانێکی زۆر سەخت بوون بۆ من. بە ناڕەحەت خواردنم دەست دەکەوت. ئەوکات ١٦ بۆ ١٧ ساڵان بووم. دوای ئەوەی بە شێوەیەکی فەرمی گرووپە میلیشیاکان لە ژێر ناوی سوپای نیشتیمانی سوریادا کۆبوونەوە و لە لایەن تورکیاوە سەرپەرشتی دەکران کەمێک بارودۆخمان باشتربوو، وە بە شێوەیەکی باشتر مووچەمان وەردەگرت. دوای ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکان زیادی کرد و تورکیا هێرشی کردە سەر عەفرین و ناوچەکانی دیکەی باکوری سوریا بۆ پڕکردنی کەموکورتییەکانی سوپاکەی ژمارەیەکی زۆر منداڵی لە ڕیزەکانی سوپادا وەرگرت و ناردنی بۆ بەرەکانی جەنگ. لە ئێستادا ژمارەیەکی ئێجگار زۆر منداڵ لە نێو ئەو گرووپە میلیشیایانەدا هەن”.

مالیکی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “کاتێک هێرشەکانی بۆ سەر عەفرین و ناوچە کوردییەکانی باکوری سوریا دەستیپێکرد، بە چاوی خۆم بینیم کە تورکەکان چۆن خەڵکانی مەدەنییان ڕووت دەکردەوە و دەستدرێژیان دەکردە سەر ئەو ژنانەی ڕفاندبوویان. بۆمان دەرکەوت کە درووستکردنی سوپاکەی ئێمە لە بنەڕەتدا هیچ پەیوەندییەکی بە شۆڕشی سوریا و ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەدەوە نەبووە بەڵکو بۆ مەرامە سیاسییەکانی تورکیا بنیاد نراوە.”

مالیکی سەبارەت بە ناردنی سەربازی سوپای نیشتیمانی سوریا بۆ لیبیا وتی “تورکیا داوای کرد سوپای نیشتیمانی سوریا یەکەیەکی سەربازی تەواو ڕەوانەی لیبیا بکات. ژمارەیەکی زۆر سەربازی منداڵ لە نێو ئەو سەربازانەدا بوون کە ڕەوانەی لیبیا کران. دواتریش ژمارەیەکی زۆر سەربازی منداڵ لە نێو ئەو سەربازانەدا هەبوون کە ڕەوانەی ئازەربایجان کران بۆ یارمەتیدانی ئازەربایجان لە جەنگی کاراباغدا.”

78 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

x

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەکادیمیای مافی مرۆڤی تورکیا: لە چوار ساڵدا 152 خوێندکار زیندانیکراون

فشار و پێشێلکارییەکانی مافەکان لە دژی ناڕەزاییەکان لەم ساڵانەی دواییدا لە تورکیا ...