
سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە دەربارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی تورکیا وتی “پێویستە ئێستا هەموو کەسێک خۆی بۆ کارمەندی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئامادەبکات”. دەمیرتاش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئاکەپە بەهۆی خراپی دۆخی ئابووریەوە دەکرێت دەنگدانی پێشوەختە ڕابگەیەنێت.
سەڵاحەدین دەرمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووەی هەدەپە کە ئێستا لە زیندانی ئەدیرنە زیندانی کراوە وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری یاشامی دایەوە.
دەربارەی ئەگەری ڕوودانی دەنگدانێکی پێشوەختە دەمیرتاش بانگی لە هەموو لایەنەکان کرد کە هەماهەنگ بن لە ناو خۆیاندا و وتیشی “چ لە حیزب و چ لە ژووری کار و یەکێتیە بازرگانییەکان یان بزووتنەوە مەدەنییەکان دەبێت بە پێکهاتەیەکی ڕێکخراو کار بکەن و خەباتێکی ڕێک و پێک ئەنجام بدەن”.
“دەبێت ئامادەکری بکرێت وەک ئەوەی لەهەر ساتێکدا بێت دەنگدان بکرێت”
پرسیار: “ئەردۆغان بە ئاشکرا وتی کەس چاوەڕوانی هەڵبژاردنی پێشوەختە نەکات. لەم باردودۆخەدا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەگەری هەیە؟ لەم دۆخەی ئێستادا ئاکەپە دەچێتە ناو دەنگدانەوە؟”. دەمیرتاش وەڵامی دایەوە و وتی ئەردۆغان تا کۆتا ڕۆژ هەوڵ دەدات لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و وتیشی “لە دۆخی قەیرانی ئابووری ئێستادا و لە قەیرانی پەیوەندی دەرەکی و قەیرانی هاوپەیمانی هاوڵاتیان دەکرێت ئەردۆغان پەنا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە یان هەڵبژاردنێکی یەکلاکەرەوەیی ببات. ڕاستی ئەوەیە ئاسان نییە پێشبینی ئەمە بکەیت بەڵام دەبێت هەموو ئەوەی پێویستە بکرێت بۆ ئەگەری هەڵبژاردن لە هەموو ساتێکدا”.
دەمیرتاش، لەبارەی هەڵبژاردنی پیشوەختەوە داوایەکی لە کۆمەڵگا کرد و وتی: “پێویستە هەموو کەسێک، هەموو کەسێک هەوڵ بدات لە هەر شوێنێک کە کاردەکات خۆی وەک کارمەندی کۆمسیۆن بنوسێت و ڕاهێنانی کارمەندی سەر سندوق وەربگرێت و ئامادەکاری بکات بۆ کەمپینێکی چالاک بۆ ئەوەی ئامادەبێت هەر کە کەمپینەکانی دەنگدان دەستیان پێکرد”.
لەبارەی پرسیارێکەوە دەربارەی ‘پرۆسەی ئاشتی’ دەمیرتاش وتی “ئەردۆغان هەوڵیدەدا کە هەدەپە دوای خۆی بخات بەڵام دوای ئەوەی بۆ نەکرا کۆتایی بە پرۆسەکە هێنا. ئەوە پوختەی باسەکەیە”.
بەردەوام قسەکانی دەمیرتاش بەم شێوەیە بوو: “پرۆسەی ئاشتی پرۆسەیەکی هاوپەیمانی سیاسی نێوان ئاکەپە و هەدەپە نەبوو، بەڵکو پەیوەندی پێکەوەیی بۆ دروستکردنی چارەسەرێک بوو. بەڵام ئەردۆغان چاوەڕوانی دڵسۆزی بێبەرامبەر بوو لەلایەن ئێمەوە. ئێمە ملمان بۆ ئەمە کەچ نەکرد. ئەمە بابەتەکەیە. بۆ ئێمە پرۆسەی ئاشتی پێشکەوتنی دیموکراسی و ئاشتی بوو لە کاتێکدا ئەجێندای ئەردۆغان جیاواز بوو. خەونی سەرۆکایەتی ئەو ئەوە بوو کە کوردەکان و هەدەپە پشتیوانی ئەو بکەن بۆ سەرۆکایەتی. ئێمەش لەدوای ئەوەی بەوە ڕازی نەبووین و وتی ‘هیچ قازانجێکم لەم کارەدا نییە’ و کۆتایی بە پرۆسەی ئاشتی هێنا و لەوە بەدوا لەگەڵ مەهەپە هاوپەیمانی ڕاگەیاند و دەستی کرد بە جێبەجێکردنی ئەجێنداکەی”.