هەفتەی داهاتوو ئەمریکا وەڵامی داواکارییەکانی ڕوسیا سەبارەت بە ئۆکرانیا دەداتەوە

وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و رووسیا لەبارەی پرسی ئۆکراینا کۆبوونەوە، هەردوولا رازیبوون کە دوای پێشکەشکردنی پێشنیازە نووسراوەکان، لە چەند رۆژی داهاتوودا دووبارە کۆببنەوە.
رۆژی هەینی 21-01-2022 هەریەک لە ئەنتۆنی بلینکن و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و رووسیا لە شاری جنێڤ لەبارەی پرسی ئۆکراینا کۆبوونەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گفتوگۆکانی بە “راشکاو” نێوبرد و گەشبینیی خۆی بە کەمبوونەوەی گرژییەکان لە نێوان رووسیا و ئەمریکا نیشاندا.
ئەنتۆنی بلینکن گوتی، “گفتوگۆی ئەمڕۆ لەگەڵ لاڤرۆڤ راشکاو و گرنگ بوو. هەڵوێستی ئەمریکا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانمانم پێگەیاند کە ئێمە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە ئۆکراینا و سەروەریی خاکەکەی دەکەین. راشکاو بووین کە ئەگەر هەر هێزێکی رووسی بچێتە نێو سنووری ئۆکرایناوە، ئێمە وەکو داگیرکارییەکی نوێی دەبینین و بە کاردانەوەیەکی خێرا و تووند لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانمانەوە وەڵامی دەدەینەوە.”
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و رووسیا لە شاری جنێڤ نزیکەی دوو کاژێری خایاند.
وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، هیواخوازە دوای ئەم کۆبوونەوەیە “هەڵچوونی هەست و سۆزەکان” لەبارەی پرسی ئۆکراینا دابمرکێنەوە. رەخنە لەو بەڵگەنامانە دەگرێت کە شاندی ئەمریکی لە کۆبوونەوەکەدا خستوونیەتەڕوو.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، “ئەو کاخەزانەی کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تایبەتی بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئامادەیکردبوون، ئەستەمە بخوێندرێنەوە. ئێمە چەند بەشێکی تایبەتمان هەیە کە لەلایەن کارمەندانی وەزارەتەکانەوە بەڕێوەدەبرێن. ئەوە ئەرکی ئەوانە کە خوێندنەوە بۆ هەموو ئەو کاخەزانە بکەن. ئێمە وڵامی ئەوانەمان داوەتەوە و پێموانیە پێویست بە تێبینی زیاتر بکات. بەشی زۆریشیان، تەنیا درۆی ئاشکران.”
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنتۆنی بلینکن داوای لە سێرگی لاڤرۆڤ کردووە لە رێگەی کشاندنەوەی ئەو 100 هەزار سەربازەی لە نزیک سنووری ئۆکراینا جێگیری کردوون، رووسیا بیسەلمێنێت کە نیازی نییە هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا.
هەروەها ئەمریکا رازیبووە هەفتەی داهاتوو بە نووسراو وەڵامی پێشنیازەکانی رووسیا بداتەوە کە داوای کردبوو ئۆکراینا هەرگیز نەبێتە ئەندامی ناتۆ و چەکەکانی هاوپەیمانییەکەش لە وڵاتانی ئەندامی پێشووی یەکێتیی سۆڤیەت جێگیر نەکرێن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، “لەسەر بنەمای گفتووگۆکانی ئەمڕۆ، من و وەزیر لاڤرۆڤ، هاوبۆچوون بووین کە گرنگە ئەم پڕۆسە دیپلۆماسییە بەردەوام بێت. پێمگوت کە دوای ئەو راوێژەی لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان دەیکەین، چاوەڕێدەکەین بتوانین نیگەرانی و بیرۆکەکانمان بە وردەکاریی زیاترەوە بە شێوەی نوسراو، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ رووسیا هاوبەشیان بکەین.”
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە ئەگەری بەردەوام بوونی کێشەی ئۆکرانیا سەرۆکی ئەو وڵاتەکەی ئامادەیە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتینی هاوتا رووسیەکەی کۆببێتەوە