
لە شاری بینگۆل لە تورکیا هێزە ئەمنییەکان بە یاوەری تانکە زرێپۆشەکان هەڵیان کوتایە سەر ماڵی چەند ئەندامێکی هەدەپە و بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەکی ساتی هەڵکوتانە سەر ماڵەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت کە ئەو کەسانەی دەستگیر دەکرێن و کەسوکارەکانیشیان ڕووبەڕووی لێدان و ئەشکەنجەدان بوونەتەوە.
چەند ئەندامێکی دیاری هەدەپە وەک: یوسف ئۆرتاچ، جەنگیز مەرد، فاروق ئۆراک، ئەمین جانپۆلات و چەند ئەندامێکی دیکە هەدەپە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە کردن بۆ تیرۆر” دەستگیرکران. هێزە ئەمنییەکان بە چەکی قورس و تانکی زرێپۆشەوە هەڵیانکوتایە سەر ئەندامانی هەدەپە و توندوتیژییان بەرامبەر بە خۆیان و کەسوکاریان بەکارهێنا.
بە گوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی گازێتەدوڤار، شایەتحاڵانی ساتی دەستگیرکردنەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە لە کاتی دەستگیرکردنی ئەندامانی هەدەپەدا بە توندی لە خۆیان و کەسوکاریان دراوە و ئەشكەنجەدراون. یەکێک لە شایەتحاڵەکان کە ناوی ئاشكرا نەکراوە لەو بارەیەوە دەڵێت: “بەرەبەیان کاتێک بە دەنگی ئوتومبێلەکان بەئاگاهاتم و چوومە دەرەوە بینیم ٢ تانکی زرێپۆش و چەند ئوتومبێلێکی مەدەنی لە بەردەم ماڵی ئەمین جانپۆلاتدا وەستاون. هاوسەرەکەی ئەمین و منداڵەکانیان لە بەردەم ماڵەکەدا ڕیز کردبوو، وە سوکایەتییان پێدەکردن. سەربازەکان ژنەکە و منداڵەکانیان لە لای دیوارەکەوە ڕاگرت و بە بۆکس لێیان دەدان و ئەمینیش هەوڵی دەدا ڕێگریان لێبکات”.
لە لایەکی دیکەوە عومەر فاروق هولاکو سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی بینگۆل لەو بارەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند “چەندین تۆماری ڤیدیۆییمان بەدەست گەیشتووە سەبارەت بەوەی لە کاتی دەستگیرکردنی ئەندامانی هەدەپەدا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا توندوتیژی و مامەڵەی خراپ لەگەڵ کەسانی مەدەنی بەکارهێنراوە. لە نزیکەوە چادێری لێکۆڵێنەوەکان لەو بابەتە دەکەین”.